بەربژێرێکی سەرۆکایەتیی ئێران: تەنیا 40%ی خەڵک دەنگیان دا و 60% ئێمەیان پێ پەسند نەبووە

03-07-2024
رووداو @Rudawkurdish
دیبەیتی هەردوو بەربژێری سەرۆکایەتیی ئێران مەسعود پزیشکییان و سەعید جەلیلی
دیبەیتی هەردوو بەربژێری سەرۆکایەتیی ئێران مەسعود پزیشکییان و سەعید جەلیلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دووەم و دوایین دیبەیتی خوولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران، هەردوو بەربژێر بە تووندی هێرشیان کردە سەر یەکدی.
 
مەسعود پزیشکییان، بەربژێری سەرۆکایەتیی ئێران گوتی، "سەبارەت بە سزاکان، بە قسەی ئەمان بڕیارە تاوەکو رۆژئاوا واز نەهێنیت بەڕێز جەلیلی و هاوڕێکانیشی وازنەهێنن، دانیش بە رێکخراوی تایبەت بە رێگەگرتن لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆردا نانێن؛ دوایی دێن و دەڵێن: ئێمە لەگەڵ جیهان پەیوەندیی باشمان هەیە."
 
ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دیکەی نێو کۆمەڵەی حەوت، چەندین سزای ئابووری، پیشەسازی و داراییان بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
 
رێکخراوی ئێف ئەی تی ئێف-ی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر و پڕچەککردنی میلیشیاکانیش لە شوباتی 2018وە ئێرانی خستووەتە لیستە رەشەکەیەوە.
 
لە کاتێكدا پزیشکییانی ریفۆرمخواز ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رۆژئاوا و نوێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بە رێگەچارەی کێشەکانی ئێران دەزانێت، جەلیلی راستڕۆ دەڵێت، "ئەو خەیاڵ پڵاوە."
 
سەعید جەلیلی، بەربژێری سەرۆکایەتیی ئێران دەڵێت، "ئەوە لایەنی بەرامبەرە کە دەبێت پابەندییەکانی لەئاست ئێران بەجێ بگەیێنێت، نەوەک ئێمە. تۆ دەڵێیت پێویستە سازشی زیاتر بکەین، ئەی ئەگەر هات و سازشت کرد و رۆژئاوا هیچی پێ نەدایت؟ ئەو کات دەتەوێت چ سازشێكی دیکەیان پێ بدەیت، دەی بە خەڵک بڵێ با بزانن."
 
لە خوولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا لە 10 دەنگدەر، 4یان دەنگیان دا؛ پزیشکییان ئەوە بە زەنگی مەترسی بۆ دەسەڵاتی ئێران ناودەبات.
 
پزیشکییان دەڵێت، "من و ئەم بەڕێزە، سەرەڕای ئەو هەموو هاتوهاوارەمان، تەنیا 40% دەنگیان بە ئێمە دا، واتە 60% ئێمەیان پێ پەسند نییە. کەوابوو، خەڵک لەگەڵ ئێمە کێشەی هەیە. سێ چوار ساڵە هەڵاوسان سەرووی 40%ـە و خەڵک ژیانی نەماوە، کەچی تەنیا 15% مووچەیان زیاد کردووە."
 
جەلیلی ئاماژەی بەوە کرد، "تۆ بەوانی دیکە دەڵێیت وەکو بزووتنەوەی تاڵیبان رەفتار دەکەن، لە کاتێكدا ئەو بەرپرسانەی وڵاتمان یاسا جێبەجێ دەکەن و تۆش دێیت و رەخنەیان لێ دەگریت، دەڵێیت: دەبێت لەسێدارە بدرێن، ئەوە چ قسەیەکە؟!"
 
کەمتر لە 48 کاژێر بۆ خوولی دووەمی هەڵبژاردنەکە ماوە؛ پێشبینییەکانی رێژەی بەشداریکردن لەوەی خولی یەکەم رەشبینترن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە