پەرلەمانتارانی ناڕازیی ئێران: حکومەت ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات

05-07-2023
فواد حەقیقی
دانیشتنێکی پەرلەمانی ئێران. وێنە: AFP
دانیشتنێکی پەرلەمانی ئێران. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رەخنەکان لە حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی لە بابەتە ئابوورییەکاندا زیادی کردووە. رەخنەگران حکومەت تۆمەتبار دەکەن بەوەی توانای چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی نییە و بە گوتاردەرمانی، دەیەوێ چارەسەریان بکات.
 
مەعیەدین سەعیدی، پەرلەمانتار دەڵێت: "حکومەت لەجێی ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکات، ئامارسازی دەکات، واتە جۆرێک ئامارەکان بڵاودەکاتەوە کە چاودێرێکی بێلایەن تووشی گومان دەکات کە بەڕێز سەرۆککۆمار لە وڵاتێکی دیکەدا دەژیت؟ ئاخۆ ئەم ئامارە، ئاماری وڵاتی ئێمەیە؟"
 
بەگوتەی سەعیدی، خەڵک بۆ دابینکردنی بژێوییان لە تەنگانەدان. بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسان رووی لە دابەزین کردووە، بەڵام شارەزایانی ئابووری دەڵێن، هۆکاری ئەمە گۆڕینی پێوەرەکانی هەڵاوسانە، کە حکومەت ویستوویەتی نیشانی بدات، هەڵاوسان دابەزیوە.
 
جەلال مەحموودزادە، نویێنەری مەهاباد لە پەرلەمانی ئێران گوتی، "لە ساڵی داهاتووەوە دیاردەی خێوەتنشینی لە شەقامەکاندا زیاتر دەبێت، کاتێک خەڵک پارەیان نییە کەلاوەیەک بە کرێ بگرن، بێگومان دیاردەی ژیان لە خێوەتەکان لەسەر شەقام و پارکەکاندا پەرەدەستێنێت."
 
مەحموودزادە، سەرۆککۆمار و ئەندامانی کابینەکەی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ئاماری ناڕاست بڵاودەکەنەوە، بەڵام سەرۆککۆماری ئێران بۆچوونێکی دیکەی هەیە. 
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "وڵات لە بوارەکانی ئابووری و بەرهەمهێناندا بەرەو گەشە دەڕوات. گەشەی ئابوورییمان بەستراوەتەوە بە دوو بابەتی گرنگەوە. ئەوانیش یەکیان گەشە و زیاتربوونی سەرمایەگوزارییە، ئەویش سەرمایەگوزاریی ناوخۆیی و بیانی."
 
سەرمایەگوزاریی بیانی گرێدراوی کۆمەڵێک بابەتی وەک رێککەوتنی ئەتۆمی، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکا و پەسندکردنی یاسای دامەزراوەکانی وەک ئێف ئەی تی ئێف بۆ ئاڵوگۆڕی پارەیە، کە ئێران ئامادە نەبووە پێیان پابەند بێت.
 
سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوەش کرد، "ئێمە بە هیچ شێوەیەک گەشە و بەرهەمهێنانی وڵات نابەستینەوە بە دانوستاندنی سیاسییەوە و پێی نابەستینەوە."
 
بەڵام رەخنەگرانی ئەم شێوازە سیاسەتە دەڵێن، لێکەوتەی ئەمە لەسەر سفرەی خەڵک خۆی نیشانداوە. لەم ساڵانەدا زۆر لە توێژەکان، بە تایبەت کرێکار، موچەخۆر و خانەنشینەکان، کە توانای کڕینیان دابەزیوە، زۆرجار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و دەردەبڕن و دروشم دەدەن دژی  گرانی و هەڵاوسان دەدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە