مانگی سووری ئێران: 60 حاجی نەخۆشن و دەبێت بە فڕۆکە بگەڕێندرێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای مانگی سووری ئێران دەڵێت، 60 حاجیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە سعودیە نەخۆش کەوتوون و لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون. ئاماژە بەوەش دەکات، چاوەڕوان دەکرا ژمارەی حاجییە نەخۆشەکان بەهۆی گەرماوە زیاتر بێت.
 
عەلی مەرعەشی، بەرپرسی کاروباری حەج لە رێکخراوی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، 40 حاجیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە نەخۆشخانەی مانگی سووردا لە سعودیە خەوێندراون و 20 حاجیی دیکەش لە نەخۆشخانەکانی سعودیەدان.
 
بە گوتەی عەلی مەرعەشی، لە هەوڵدان حاجییە نەخۆشەکان بە سێ گەشتی ئاسمانی بۆ ئێران بگەڕێننەوە، چونکە دەبێت لە ئێراندا چارەسەر وەربگرن.
 
مەرعەشی دەڵێت، چاوەڕوان دەکرا ژمارەیەکی زیاتری حاجیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە سعودیە نەخۆش بکەون، ئەوەش بەهۆی بەرزیی پلەی گەرمی لە کاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەجدا.
 
تاوەکو ئێستا 8 حاجیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە رێوڕەسمەکانی حەجدا گیانیان لەدەستداوە؛ چوار کەس لەوان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی بانە، دیواندەرە، مەریوان و روانسەر بوون.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران، ئەمساڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە 87 هەزار و 550 کەس چوون بۆ حەج.