رووداو دیجیتاڵ
ئێران، سێ زیندانیی ئەوروپی ئازاد کرد، دوو لە زیندانییەکان هەڵگری وڵاتینامەی نەمسا و ئەوەی دیکەشیان هەڵگری وڵاتینامەی دانیمارکە لە کاتێکیشدا ئێران و ئەوروپا دەستیان داوەتە ئازادکردنی زیندانییەکانیان، ئۆپۆزیسیۆن و رێكخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ رەخنەی تووند لە تاران دەگرن لە درێژەدان بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان.
زیندانییەکان لە زیندانی ئەوینی ئێران بوون و بە رێککەوتنێکی سیاسی ئازادکران و فڕۆکە گەیشتنەوە ئەوروپا. یەکێك لە زیندانییەکان هاونیشتمانییەکە کە هەڵگری وڵاتینامەی نەمسایە.
کامەران قادری، لە ساڵی 2016 لە کاتی سەردانیکردنی ئێران لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ لایەنێكی بیانی دەستگیرکرا و بە 10 ساڵ زیندان، سزا درا. قادری لەدایکبووی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە کارەبا و ئێلیکترۆنیک لە زانکۆی ڤییەننای نەمسا و، بەرپرسی بەشی کۆمپیوتەرە لە کۆمپانیایەکی نەمسایی.
مەسعود موساحیب، تەمەنی 75 ساڵە، هەڵگری وڵاتینامەی نەمسایە و لە ساڵی 2019 بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئەڵمانیا و ئیسرائیل، ئەویش بە 10 ساڵ زیندان سزادرا.
زیندانیی سێیەم، هاووڵاتییەکی دانیمارکییە، بەهەمان شێوە بەتۆمەتی سیخوڕیکردن، زیندانی کرابوو.
ئازادکردنی هەرسێ زیندانیکراو بە نێوەندگیریی عوممان ئەنجامدرا؛ ئەو وڵاتەی بە درێژایی 40 ساڵی رابردوو، پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران هەبووە و چەندین نێوەندگیریشی لە ناوچەکەدا هەبووە.
وەزیری دەرەوەی نەمسا، لە تویتەر نووسی "پێزانینێكی زۆرمان بۆ هاوڕێکانمان لە عوممان هەیە، کە رۆڵێكی گەورەیان لە ئازادکردنی هاووڵاتییانی نەمسایی ئێرانی لە زیندانەکانی ئێران گێڕا، هەوڵە بەردەوامەکانمان بە ئەنجام گەیشتن".
لە کۆتایی ئایاری ئەمساڵ، ئێران و بەلجیکا لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان تاران و برۆکسل ناسراو بە " گواستنەوەی کەسانی سزادراو" ئاڵوگۆڕێکیان کرد.
ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، ئێرانی تۆمەتبار بە هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی ناوەندێكی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە پاریس، لە لایەن بەلجیکاوە ئازادکرا، لەبەرامبەردا ئازادکردنی ئۆلیڤێر ڤاندەکاستێلە کە تاران بە تۆمەتی سیخوڕیکردن سەرووی 40 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندبوو، لەو سزایە 455 رۆژی لە زیندانی ئەڤیندا بەسەر برد.
لە کاتێکدا ئێران و ئەوروپا دەستیان داوەتە ئازادکردنی زیندانییەکانیان، ئۆپۆزیسیۆن و رێكخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ رەخنەی تووند لە تاران دەگرن بە تایبەتی لە درێژەدان بە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ