لە ئێران کچێکی 4 ساڵان دوای 5 رۆژ لە ونبوونی دۆزرایەوە

03-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان بەناوی یەسنا دیدار، خەڵکی شاری کوڵالەی پارێزگای گوڵستان لە باکووری ئێران، دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی دۆزرایەوە و رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. داواکاری شاری کوڵالە دەڵێت، گومان دەکرێت منداڵەکە رفێندرابووبێت، بۆیە لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە بەردەوامە.
 
سەید خەلیل هاشمی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری کوڵالە رایگەیاند، "یەسنا دیدار دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی، لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری گوندەکەیان، (گوندی یەلی بودراق) بە زیندوویی دۆزرایەوە."
 
سەید جەواد میردوستی، داواکاری شاری کوڵالە شەوی پێنجشەممە رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە تاوەکو کاتی ناسین و دەستبەسەرکردنی ئەوانەی دەستیان لە ونبوونی ئەو كچە چوار ساڵانەدا هەبووە، بەردەوام دەبێت.
 
میردوستی گوتیشی، "دوای راگەیاندنی دیارنەمانی منداڵەکە، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رێوشوێنە دادوەری و پۆلیسییەکان بۆ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەستیپێکرد، دواتر بە بەهێزبوونی گومانی لێکۆڵەری دۆسیەکە لەسەر ئەگەری رفاندنی منداڵەکە و لە بەردەوامیی رەوتی لێکۆڵینەوەکاندا، چەند کەسێک وەکو تۆمەتبار لەلایەن پۆلیسەوە بانگهێشت کران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا."
 
محەمەد سەعید فازڵ دادگەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای گوڵستانیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوی ونبوونی منداڵەکە بەردەوامە.
 
بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئێرانی، یەسنای تەمەن چوار ساڵ بە مەبەستی پشکنینە پزیشکییەکان گوێزراوەتەوە نەخۆشخانەی شاری کوڵالە.
 
ئەو منداڵە لە رۆژی یەکشەممە 28-04-2024ەوە، لە کاتێکدا لەگەڵ دایکی لەنێو زەوییەکی کشتوکاڵیی گوندی یەلی بودراق بووە، ون ببوو و دوانیوەڕۆی پێنجشەممە 02-05-2024 لە دەوروبەری گوندەکە دۆزرایەوە.
 
ونبوونی یەسنا لە ئێران دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و لەو چەند رۆژەی دواییدا، هەموو میدیا و سۆشیال میدیای ئێرانی پێوەی خەریک بوون و بەدواداچوونیان بۆ پێشهاتەکانی پرۆسەی گەڕان دەکرد.
 
گوندی یەرلی بودراق دەکەوێتە ناحیەی پیشکەمەری شاری کوڵالەی سەر بە پارێزگای گوڵستان.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، بۆ دۆزینەوەی ئەم کچە تەمەن بچووکە، 87 کەس لە تیمەکانی مانگی سووری شاری کوڵالە، بە هاوکاری کەسانی خۆبەخش و خەڵکی گوندەکە خەریک بوون. هەروەها بۆ دۆزینەوەی یەسنای چوار ساڵان، هەلیکۆپتەر، درۆن، پاراگلایدەر و سەگی راهێندراویش بەکارهێنرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە