گوتەبێژی حکومەتی ئێران: دەستلەکارکێشانەوەی زەریف پەسند نەکراوە

03-03-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، دەست لەکارکێشانەوەکەی محەممەد جەواد زەریف، لە لایەن سەرۆککۆمارەوە پەسند نەکراوە.
 
رۆژی دووشەممە، 3ی ئاداری 2025، فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، محەممەد جەواد زەریف دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی سەرۆککۆمار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆککۆمار پەسندی نەکردووە.
 
فاتمە موهاجرانی گوتی: "هیوادارین بڕیار و پرۆسەکان بەشێوەیەک بن کە رێگە بدات هەموو تواناکانی وڵات لە بەرژەوەندیی خەڵک بەکاربهێنرێت".
 
درەنگی شەوی یەکشەممە، 2ی ئاداری 2025، محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی رایگەیاند، دوای ئەوەی لەگەڵ غوڵام حوسێن موحسین ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کۆبووەتەوە، ئێژەیی داوای لێکردووە دەست لەکاربکێشێتەوە، ئەویش دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی سەرۆککۆمار کردووە.
 
زەریف لە ئێکس "لادانی" لەبری دەستلەکارکێشانەوە بەکارهێنا و نووسیویەتی "هیوادارم بە لادانی من، بیانووەکان بۆ بەربەستدانان لە بەرامبەر ویستی خەڵک و سەرکەوتنی حکومەت لابرابن. هێشتا شانازی بە پشتگیری لە دکتۆر پزیشکیانی بەڕێز دەکەم و بۆ ئەو و خزمەتکارانی راستەقینەی خەڵک."
 
زەریف باسی لەوەشکردووە، "هەرچەندە لە شەش مانگی رابردوودا رووبەڕووی زۆرترین سووکایەتی، تۆمەت و هەڕەشەکان بەرامبەر بە خۆم و خێزانەکەم بوومەتەوە، تەنانەت لەنێو حکومەتیشدا تاڵترین سەردەمی خزمەتی 40 ساڵەم تێپەڕاندووە، بەڵام بە هیوای خزمەتکردن خۆم راگرت."
 
محەممەد جەواد زەریف، پێشتر و لە سەرەتای دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دوای ئەوەی لیستی ناوی وەزیرانی پێشنیازکراوی پێشکێشی پەرلەمان کرد، وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر لیستەکە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاندبوو، بەڵام دواتر پاشگەزبووەوە.
 
دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی، رۆژی پێنجشەممە، 01-08-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، زەریفیی وەکو جێگری خۆی بۆ کاروباری ستراتیژی دەستنیشان کرد.
 
محەممەد جەواد زەریف، لە کاتی سەرۆکایەتیی حەسەن رووحانی، هەشت ساڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بوو و بە ئەندازیاری رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 دادەنرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە