دەستەی هەڵبژاردنی ئێران: چارەنووسی 59 کورسیی پەرلەمان دەکەوێتە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن

03-03-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاند، هەڵبژاردنی 12مین خولی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە 14 پارێزگا دەچێتە قۆناخی دووەمەوە و چارەنووسی 59 کورسیی پەرلەمان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا یەکلایی نەکرایەوە.

موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لە 290 کورسیی پەرلەمانی ئێران، چارەنووسی 231 کورسی لە قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردندا یەکلایی بوونەتەوە و چارەنووسی 59 کورسیش لە قۆناخی دووەمدا دیاری دەکرێت.
 
بە گوتەی موحسین ئیسلامی، هەڵبژاردن لە بازنەی تاران کە 30 کورسیی پەرلەمان لەخۆدەگرێت، دەکەوێتە گەڕی دووەم و هیچ یەک لە بەربژێرەکان لەو بازنەیە نەیانتوانیوە دەنگی پێویست بۆ پەرلەمانتاری بەدەستبهێنن.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش چارەنووسی زۆربەی کورسییەکان یەکلایی بوونەتەوە و تەنیا دوو کورسی لە سێ کورسییەکەی بازنەی شاری کرماشان و دوو کورسیی بازنەی خوڕەمئاوا لە پارێزگای لۆڕستان ماون و هەڵبژاردن لەو دوو بازنەیەدا دەکەوێتە گەڕی دووەم. 
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، بریارە گەڕی دووەمی 12مین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئێران هێشتا بە فەرمیی هیچ رۆژێکی بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری نەکردووە.
 
گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران هەروەها لەبارەی ئەنجامەکانی شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئەو وڵاتەش زانیاریی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 88 کورسیی ئەنجوومەنەکە، چارەنووسی 72 کورسی یەکلایی بووەتەوە.
 
سەبارەت بە کورسیی کەمینە ئایینیەکانیش، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران گوتی، هومایۆن سامەیح نەجەف ئابادی وەک نوێنەری جووەکان، گقارد مەنسووریان وەک نوێنەری کریستیانە ئەرمەنەکانی باشووری ئێران و شارلی ئەنویە تەکیە وەک نوێنەری کریستیانەکانی کلد و ئاشووری لە پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردراون.
 
رۆژی هەینی، 10-03-2024، دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بەرێوەچوو و بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە تاوەکو کاژێر 18:00ـی ئێوارە بەکاتی تاران (17:30 بەکاتی هەولێر) تەواو بێت، بەڵام دەستەی هەڵبژاردنی وەزارەتی ناوخۆی ئێران سێ جار و بۆ شەش کاژێر کاتەکەی درێژکردەوە و هەڵبژاردن تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو بەردەوام بوو.
 
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، زیاتر لە 61 ملیۆن و 172 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.
 
لەم هەڵبژاردنەدا 15 هەزار و 200 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسیی پەرلەمان رکابەریی یەکدییان کرد کە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن. هەروەها 144 بەربژێریش بۆ بەدەستهێنانی 88 کورسیی ئەنجوومەنی شارەزایان رکابەریی یەکدییان کرد و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
 
بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران، پێویستە لە هەڵبژاردندا هەر بەربژێرێک لانیکەم 20٪ی ئەو دەنگانەی دەخرێنە سندووقەکانی دەنگدان بەدەستبهێنێت، ئەگەر رێژەکە کەمتر لەوە بێت، هەڵبژاردن دەچێتە قۆناخی دووەم و لەو قۆناخەدا، هەر بەربژێرێک زۆرینەی دەنگەکان مسۆگەر بکات، دەبێتە پەرلەمانتار.
 
ئەو پارێزگایانە و ژمارەی ئەو کورسییانەی کە چارەنووسیان یەکلایی نەبووەتەوە:
 
تاران؛ 30 کورسی
ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز)؛ 6 کورسی
ئەسفەهان؛ کورسی
ئەلبورز؛ 1 کورسی
خوراسانی رەزەوی؛ 2 کورسی
خوراسانی باشوور؛ 1 کورسی
خوزستان؛ 3 کورسی
زەنجان؛ 2 کورسی
فارس؛ 5 کورسی
کرماشان؛ 2 کورسی
لۆرستان؛ 2 کورسی
گوڵستان؛ 1 کورسی
مازەندەران؛ 2 کورسی
هەمەدان؛ 1 کورسی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە