ئیبراهیم رەئیسی ژەهراویبوونی کچە قوتابییەکان دەخاتە ئەستۆی نەیارانی وڵاتەکەی

03-03-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ژەهراویبوونی کچە قوتابییەکانی وڵاتەکەی دەخاتە ئەستۆی وڵاتانی نەیاری تاران. ژەهراویبوونەکە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە زیاتر لە 30 قوتابخانەی لە چوار پارێزگا گرتووەتەوە و تائێستا هۆکارەکەی روون نەبووەتەوە. 
 
بەشێک لە دایکان و باوکان، ناچاربوون کچەکانیان لە قوتابخانە دەربهێنن. رۆژی سێشەممە، 28-2-2023، وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، سەدان کچە قوتابیی چەند قوتابخانەیەک ژەهراویبوون و بەشێک لە سیاسەتڤانەکانی وڵاتەکە دەڵێن رەنگە کاری ئەو گرووپە ئایینییانە بێت کە دژی خوێندنی کچانن. 
 
رەئیسی رۆژی هەینی لە گوتارێکیدا لە باشووری ئێران، پەنجەی تۆمەتی بۆ وڵاتانی نەیاری ئێران درێژکرد و گوتی: "ئەمە پڕۆژەیەکی ئەمنییە بۆ دروستکردنی پشێوی لە وڵاتدا کە دوژمنەکانمان هەوڵدەدەن ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوان قوتابییان و دایک و باوکاندا بڵاوبکەنەوە."
 
سەرۆککۆماری ئێران روونی نەکردەوە مەبەستی لە دوژمنەکان کێیە، ئەگەرچی سەرکردەکانی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بە کارکردن دژی تاران تۆمەتباردەکەن. 
 
جیا لەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێران گوتی، تانکەرێکی سووتەمەنی لە نزیک یەکێک لە قوتابخانەکانی تاران بینراوە؛ هەمان تانکەر پێشتر لە دوو شاری دیکەش بینرابوو. 
 
رەزا کەریمی ساڵح، جێگری قایمقایمی پەردیس لە پارێزگای تاران رایگەیاند، تانکەرەکە دەستی بەسەرداگیراوە و شوفێرەکەشی دەستگیرکراوە. بەرپرسەکە گوتی، تانکەرەکە لە شارەکانی قوم و بروجەردیش بینراوە. 
 
رەزا کەریمی ساڵح ئاماژە بەوە دەکات، هەر لە پەردیس "پاسەوانەکانی پارکێکی ئۆتۆمبێلیش کە تانکەرەکەی لێ وەستێندرابوو، ژەهراویبوون."
 
هاوکات لە جنێڤ، نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی شەفافی لە ژەهراویبوونەکە کرد. 
راڤینا شەمدەسانی، گوتەبێژی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی گوتی: "زۆر نیگەرانین لە دەنگۆی بەئامانجکردنی بەمەبەستی کچەکان لە دۆخێکی تەمومژاویدا."
 
راڤینا باسی لەوە کرد، پێویستە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی حکومەت بخرێتە بەردەم رای گشتی و ئەنجامدەرانیش بە دادپەروەری بگەیێندرێن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە