سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران کۆدەبێتەوە

03-03-2023
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ گفتوگۆ لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران گەیشتە تاران و لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران کۆبووەوە.
 
رۆژی هەینی، 03-03-2023، رافایێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گەیشتە تاران و لەگەڵ محەممەد سەلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران کۆبووەوە. بڕیارە لە ماوەی دوو رۆژ مانەوەی لە تاران لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
 
سەردانەکەی گرۆسی بۆ تاران لەکاتێکدایە، بڕیارە هەفتەیەکی دیکە دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کۆببنەوە؛ نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆش پەیوەست بوو بە ئاشکرابوونی کۆمەڵێک دۆسیەی نوێ لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.
 
بەگوێرەی میدیای ئێران، لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی نزیکەی 84٪ لە بنکەی ئەتۆمی فەردوو و دۆزینەوەی شوێنەواری یۆرانیۆم لە چەند بنکەیەک دەکرێت کە ئێران پێشتر بوونی ئەو بنکانەی بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رانەگەیاندبوو.
 
رافایێل گرۆسی هەفتەیەک بەر لە سەردانەکەی رایگەیاند، هیوادارە "ئێران بە روونی وەڵاممان بداتەوە کە بۆچی یۆرانیۆمی بە رێژەی نزیکەی 84٪ پیتاندووە" هاوکات سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، "پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 84٪ بە ئەنقەست نەبووە و رووداوێکی لەناکاو بووە، ئەگینا ئێمە نیازمان نەبووە پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنینە ئەو ئاستە".
 
بەپێی پرۆگرامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی نییە پیتاندنی یۆرانیۆم لە 20٪ بەرزتر بکاتەوە، بەڵام دوای سەردانی پشکنەرەکانی ئەو ئاژانسە بۆ بنکەی ئەتۆمی فەردوو لە ئێران، چەند تەنۆلکەیەکی یۆرانیۆمیان دۆزیەوە کە ئاستی پوختییەکەیان نزیکی 83.7٪ بوو، بەوەش ئێران بە گوێرەی بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا، تاران دەتوانێت لە ماوەی 12 رۆژدا بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات، چونکە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی پێویستی بەوەیە یۆرانیۆمەکە بە رێژەی 90٪ بپیتێنرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە