لە ئێران بەشێک لە خێزانەکان منداڵەکانیان لە قوتابخانە مەزهەبییەکان دەردەهێنن


رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە دایک و باوکی قوتابییان لە ئێران دەڵێن، بەهۆی ئەوەی لە قوتابخانە حکومییەکان بە تووندی رەچاوی پرەنسیپەکانی تایبەت بە مەزهەبی شیعە دەکرێت، بۆیە منداڵەکانیان لەو قوتابخانانە دەردەهێنن و دەیانبەنە قوتابخانەی تایبەت. 
 
دایکی قوتابییەک دەڵێت، پارەی زیاتریان داوە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە قوتابخانە تایبەتەکان بخوێنن و لە قوتابخانە حکومییەکان دوور بخەنەوە. مامۆستایەکی یەکێک لە قوتابخانە حکومییە ئایینییەکانیش دەڵێت، ئەمە کاری ئەوانی زەحمەت کردووە بەوەی زیاتر قوتابییانیان هۆشیار بکەنەوە و ئەمە بە "پلانی دوژمنان" ناودەبات.
 
گیسوو درەخشانی، مامۆستا دەڵێت، "ئەوەی کە روویدا کارەکەی ئێمەی زۆر قورس کرد، بەوەی وای لە ئێمە کرد زیاتر لەگەڵ کچەکان قسە بکەین و پێیان بڵێن ئاگاتان لە خۆتان بێت دەبێت زیرەک و وشیار بن و تێبگەن دوژمنەکانمان دەیانەوێت بە رێگەیەکی خراپدا بمانبەن".
 
خۆپێشاندانەکانی ئەیلوولی ساڵی رابردوو جێ پەنجەی خۆیان لە بەشێک لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جێهێشت.
 
مەعسومە، هاووڵاتییەکی ئێرانییە و باس لەوە دەکات، "ئێمە پارەی زیاترمان داوە تاوەکو بتوانین منداڵەکانمان بخەینە قوتابخانە تایبەتەکان و لە قوتابخانە حکومییە مەزهەبییەکان دووریان بخەینەوە".
 
لایەنگرانی خۆپێشاندانەکان پێیانوایە حکومەت هزری منداڵان تیرۆر دەکات و ناچار بە هەڵبژاردنی یەک رێگەیان دەکات کە رێگەی مەزهەبییە؛ لە کاتێکدا بە گوتەی ئەوان، لە ژیاندا چەندین رێگە هەن کە مەزهەب یەکێكە لەوانە.