گوشارەکانی سەر کابینەی پزیشکیان زیاتر دەبن؛ داوای متمانەسەندنەوە لە دوو وەزیر دەکرێت

03-01-2025
سینا سۆما
لە پەرلەمانی ئێران داوای سەندنەوەی متمانە لە دوو وەزیری وڵاتەکەی دەکات.
لە پەرلەمانی ئێران داوای سەندنەوەی متمانە لە دوو وەزیری وڵاتەکەی دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کابینەی مەسعود پزیشکیان لە ژێر گوشاردایە. بەشێک لە پەرلەمانتاران رەخنەی تووند لە سیاسەتی ئابووریی حکومەت دەگرن و داوا دەکەن متمانە لە وەزیرانی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە وەربگیرێتەوە.
 
حوسێنعەلی حاجی دلیگانی، پەرلەمانتاری شاهین شەهر لەبارەی سەندنەوەی متمانە لە وەزیری ئابووری دەڵێت، "نامەمان نارد بۆ بەرپرسان، بۆ سەرۆککۆمار و بۆ تیمی ئابووریی حکومەت. چەندینجار هۆشداریمان دا و پرسیارمان ئاراستەی وەزیری ئابووری کرد، بەڵام هیچ سوودی نەبوو. بۆیە هیچ رێگەچارەیەک جگە لە کشاندنەوەی متمانە لە وەزیری ئابووری لە بەردەمماندا نەماوە. ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاران واژۆیان لەسەر بەڵگەی متمانەسەندنەوە لە وەزیری ئابووری کردووە."
 
بەشێک لە پەرلەمانتارانی نەریتخواز دەڵێن، سیاسەتی ئابووریی حکومەت شکستی هێناوە و حکومەت هۆکاری دابەزینی بەهای تمەنە، کە گرانبوونی شتومەکی لێکەوتووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکەن، حکومەت سەرکەوتوو نەبووە لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی پێویست کە کێشەیەکی سەرەکیی خەڵکە.

 

122 پەرلەمانتار لە نامەیەکدا سەبارەت بە سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەت هۆشدارییان داوەتە پزیشکیان.
 
عەلی خزریان، پەرلەمانتاری تاران: لە پەرلەمانەوە پەیامێک بۆ پزیشکیان دەنێرێت و ئاماژە بەوە دەکات، "بەڕێز پزیشکیان، ئابووری و بژێوی ژیان کێشەی سەرەکیی خەڵکە و خەڵک هەر دیدگا و بووچۆنێکیان هەبێت، داوای چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەکەن. رێگەچارەی ئەو کێشانەش وەک هەموومان دەزانین، لە ناوخۆی وڵات و متمانەکردن بە توانا ناوخۆییەکانە. پێویستە هەوڵ بدرێت ئەمە بێتەدی."
 
مەسعود پزیشکیان رایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تووشی قەیران لە دوای قەیران بوونەتەوە، بەڵام ئەوان هۆکاری قەیرانەکان نین و لە حکومەتەکانی پێشووە بۆیان بە میرات ماوەتەوە
 
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی سەندنەوەی متمانە لە سەرۆککۆمار باس لەوە دەکات، "لەسەر بنەمای ئەو ئەرکە روونەی کە رێبەری باڵا بۆ پەرلەمان دیاریکردووە، سیاسەتی ئێمە هاوکاریی حکومەت و بەڕێز سەرۆککۆمارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک. پەرلەمان هەموو ئامرازەکانی چاودێریکردنی وەک لێپرسینەوە، بەدواداچوون و سەندنەوەی متمانە لە هەر بابەتێکدا کە پێویست بکات و لە هەر کاتێکدا بەکاردەهێنێت، بەو مەرجەی ئەنجامەکەی یارمەتیدانی حکومەت بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک."
 
بەردەوامیی دۆخی خراپی ئابووری لە ئێران، هیوای لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کەمتر کردووە و پێیانوایە کابینەی پزیشکیان هیچ پلان و بەرنامەیەکی جیدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پێ نییە. بەڵام پزیشکیان دەتوانێت لانیکەم پشت بە پشتیوانیی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران ببەستێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە