چەند جار هەوڵی کوشتنی قاسم سولەیمانی درابوو؟

رووداو دیجیتاڵ

ساڵێک بەسەر کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس تێدەپەڕێت، تاوەکو ئێستاش کاردانەوەکانی کوشتنی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران بەردەوامە. ئەوە یەکەم هەوڵی کوشتنی سولەیمانی نەبوو، پێشتر چەندجارێک ئەمریکا و ئیسرائیل لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران هەوڵی کوشتنیان داوە. 
 
جموجوڵەکانی قاسم سولەیمانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتەواوی ئەمریکای بێزارکردبوو، دواجار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 3ـی کانوونی دووەمی 2020 بڕیاری کوشتنی دا. کریس مێرفی، سیانتۆرێکی ئەمریکی لەبارەی کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە دەڵێت، "وەکو ئەوەیە کە ئێران وەزیری بەرگریی ئەمریکا بکوژێت"، بەڵام بە کوشتنی سولەیمانی گرژییەکان کۆتاییان نەهات و هەموو بەرپرسە باڵاکانی ئێران هەڕەشەی تۆڵەیەکی سەختیان دەکرد.
 
سەرەتای دەرکەوتنی قاسم سولەیمانی دەگەڕێتەوە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران و شەڕ لە دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پاشان لە جەنگی هەشت ساڵەی ئێران - عێراق بەشدارییەکی چالاکی هەبوو و، لەو سەردەمەدا لە شاری کرمان گرووپێکی دروستکردبوو کە شەڕیان دژی عێراق دەکرد.
 
لە شەڕی ئێران - عێراق چەند جارێک بەسەختی بریندار دەبێت، لە ئۆپەراسیۆنی "رێگای قودس" پارچەیەک بەر سکی دەکەوێت و 45 رۆژ لە نەخۆشخانەیەکی مەشهەد دەمێنێتەوە، دوای چاکبوونەوەی دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ بەرەکانی جەنگ. رایان کرۆکەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵانی 2007 بۆ 2009 دەڵێت: "لەلای قاسم سولەیمانی شەڕی ئێران - عێراق هەرگیز کۆتایی نەهاتووە"، هەروەها دەشڵێت: "هیچ کەسێک ناتوانێت لە شەڕێکی قورسی وەکو ئێران - عێراق بەشدار بووبێت و شەڕەکە تاوەکو کۆتایی ژیانی کاریگەریی لەسەر دروستنەکات، ئامانجی سولەیمانی سەرکەوتن بەسەر عێراق بوو یان لاوازکردنی وڵاتەکە".
 
ستانلێی مەککریستال: ساڵی 2007 دەمتوانی سولەیمانی بکوژم، بەڵام لە ترسی لێکەوتەکانی نەمکوشت
 
دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، ئێران دەیویست لەڕێگەی هێزە شیعەکانەوە هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا زاڵ بکات. لەو کاتەدا قاسم سولەیمانی بووە بەرپرسی نزیکخستنەوەی ئێران و لایەنە شیعەکانی عێراق. 
سولەیمانی لە نامەیەکدا بۆ دەیڤد پێترایۆس، فەرماندەی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا لە ساڵی 2008 بۆ 2010  نووسیبووی: "من بەرپرسی سیاسەتەکانی ئێرانم لەم ناوچەیە و پێتان رادەگەیێنم کە ئێمە بەرپرس نین لە کوشتنی سەربازە ئەمریکییەکان لە عێراق".
 
لە ساڵی 2007 ئەمریکا هەلی کوشتنی سولەیمانی بۆ رەخسا، لەو بارەیەوە ستانلێی مەککریستال، فەرماندەی ئەو کاتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا دەڵێت: "کاروانێکی ئۆتۆمبێلم بینی لە ئێرانەوە هاتنە باکووری عێراق [هەرێمی کوردستان]، راهاتبووم لەسەر ئەوەی بڕیاری قورس بدەم، بەڵام هەندێکجار بڕیاری ئەوەی کە هیچ نەکەیت قورسترین بڕیارە". 
 

ستانلێی ئاماژە بە بڕیاری هێرشکردنە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سولەیمانی دەدات و دەڵێت: "هۆکاری زۆر هەبوون کە هێرش دەستپێبکەم، بەڵام بڕیارەکە دژوار بوو. لەو ساڵانەدا ئێران شەقامەکانی بۆمبڕێژ دەکرد و چەندین سەربازی ئەمریکی بەو شێوەیە کوشتبوو".
 
لە کۆتاییدا ستانلێی بڕیار دەدات کە تەنیا چاودێریی کاروانەکە بکەن، هەروەها دەشڵێت: "کاتێک کە ئۆتۆمبێلەکان گەیشتنە هەولێر و سلێمانی کاروانەکە دیار نەمان". ئەو جارە سولەیمانی لە دەست هێزەکانی ئەمریکا رزگاری دەبێت، بەڵام بەو واتایە نییە کە واز لە جموجوڵەکانی بهێنێت، بە پێچەوانەوە سنووری کارەکانی فراوانتر کرد و، بەشداری لە شەڕی سووریا، یەمەن و فەلەستین دەکرد. 
 
سولەیمانی لە هەموو مەیدانەکانی جەنگ ئاڕاستەی کارەکانی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو، ئەوەش ئەو دوو وڵاتەی بەتەواوی هەراسان کردبوو، بەجۆرێک کە تەنانەت لەنێو ئێرانیش هەوڵی کوشتنی سولەیمانیان دا. ئەو دەسەڵاتەی کە سولەیمانی هەیبوو لە پەیوەندیی نزیک و متمانەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئێران سەرچاوەی دەگرت. 
 
 
کوشتنی سولەیمانی لە شوێنی لەدایکبوونی
 
قاسم سولەیمانی ساڵی 1957 لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لەدایکبووە. لە 3ـی تشرینی یەکەمی 2019 هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران شکستی هەوڵێکی کوشتنی سولەیمانی راگەیاند. بەپێی زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران پلانی کوشتنەکە لەلایەن "مۆساد، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و سەرۆکایەتیی هەواڵگریی سعودیە" داڕێژراوە.
 
حەسەن تائیب، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران لەو بارەیەوە دەڵێت: "پلانێکی تۆکمەیان داڕشتبوو، ئیسرائیل دەیویست لە نێوخۆی ئێران قاسم سولەیمانی بکوژێت بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکەن کە لە ئەنجامی ئاڵۆزیی و ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێران شەهید بووە".
 
قاسم سولەیمانی کاتێک دەگەڕایەوە کرمان، هەمیشە سەردانی ئەو حوسێنییەیەی دەکرد کە بەنێوی باوکییەوە ناونرابوو. حەسەن تائیب دەڵێت: "ئیسرائیلییەکان پلانیان داڕشتبوو کە ماڵێک لە نزیک حوسێنییەکە بکڕن و لەوێوە توونێلێک هەڵبکەنن بۆ بەردەم حوسێنییەکە. پاشان نزیکەی 350 تاوەکو 500 کیلۆگرام تەقەمەنی لەژێر حوسێنییەکە دابنێن و بیتەقێننەوە".
 
هەروەها حەسەن تائیب دەڵێت: "چەندین ساڵ ئەوان خەریکی ئەو پلانە بوون، ئێمە پێشتر دەمانزانی کە لە وڵاتانی دراوسێ راهێنانیان پێدەکرێت، بەڵام رێگەمان پێدان بێنە نێو ئێران و، تۆڕە هەواڵگری و سەربازییەکانمان توانییان دەستگیریان بکەن و شکست بە پلانەکان بهێنن".
 
کوشتنی سولەیمانی
 
ئەمریکا بەردەوام چاوی لە جموجۆڵ و سەرکێشییەکانی سولەیمانی بوو، بۆ هەوڵێک دەگەڕا کە لە رێگەی کوشتنی سولەیمانییەوە سنوورێک بۆ فراوانخوازی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابنێت. لە کۆتاییدا لە 3ـی کانوونی دووەمی 2020 لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە درۆنی MQ-9 هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلەکەی سولەیمانی و کوشتی.
 
 
 
فڕۆکەکەی سولەیمانی کاژێر 12:32 خولەکی بەرەبەیانی دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا. بڕیاربوو ئەو رۆژە سولەیمانی و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کۆببنەوە. دوای نزیکەی 20 خولەک لە گەیشتنی فڕۆکەکە، دوو ئۆتۆمبێلەکەی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەردەکەون و لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی بە سێ مووشەک دەکرێنە ئامانج و هەموویان دەستبەجێ دەکوژرێن.
 
کوژرانی سولەیمانی و موهەندیس کاردانەوەی لەسەر ئاستی جیهان بەدوای خۆیدا هێنا و گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی گەیاندە لووتکە، بەشێوەیەک هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی یەکترییان دەکرد.
 
سولەیمانی لەدوای ئەحمەد وەحیدی، لە ساڵی 1998 و بە مەرسومی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران، كرایە فەرماندەی فەیلەقی قودس. لەناو ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە كەسێكی چالاك ناسرابوو، بەتایبەتی لە عێراق و سووریا. لە ساڵی 2012 بەدواوە پشتگیریی رژێمی سووریای كردووە و لە عێراقیش وەک دەگوترێت هێزەكانی حەشدی شەعبیی رێكخستووە.