بەهۆی پشتگیری لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ دووردەخرێنەوە


رووداو دیجیتاڵ

خوێندکارانی کۆلێژی ئەدەبی زانکۆی بەهەشتی تاران، دژی دوورخرانەوەی مامۆستایەک دروشم دەدەن کە بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزاییەکان هەڵپەسێردراوە. لە زانکۆی پزیشکی تەورێزیش رۆژی پێنجشەممە ناڕەزاییەکی لەو شێوەیە بەڕێوەچوو. وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران دەستی بە دوورخستنەوەی ئەو مامۆستایانە کردووە کە پشتگیرییان لە ناڕەزاییەکان کردووە.
 
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەو ماوەیەدا ناڕەزایی لە 143 زانکۆ بەڕێوەچووە و لانیکەم 583 خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەرکراون.
 
خوێندکارانی زانکۆکان بە گردبوونەوە، خۆپێشاندان و مانگرتن داوای ئازادکردنیان دەکەن، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەدراوەتەوە. زانکۆ و قوتابخانەکان لە ناڕەزاییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە. 
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لانیکەم 108 منداڵ دەستبەسەرکراون کە زۆرینەیان قوتابین. هەروەها 29 مامۆستا و 60 خوێندکاری زانکۆش لەنێو ئەو دەستبەسەرکراوانەدا ناویان تۆمارکراوە. ئەو رێکخراوە مەزندە دەکات پێنج هەزار کەس دەستبەسەرکرابن و ناوی کەمتر لە هەزار و 500 کەسیان تۆمار کراوە.
 
گوشاری سەر مامۆستایان تایبەت نییە بە خۆپێشاندانەکان. ئەوان لە دوو ساڵی رابردوو چەندینجار بۆ خواستە پیشەییەکانیان مانیان گرتووە و ناڕەزاییان دەربڕیووە. لەم هەفتەیەدا، دادگەی سنە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەر مامۆستایانی قوتابخانەکانی دیواندەرە، ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشیدا سەپاند. ئەو مامۆستایانە کۆتایی بەهاری ئەمساڵ بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایی مامۆستایان دەستبەسەر کران و 76 رۆژ لە گرتووخانەدا بوون. دواتر بە کەفالەت ئازاد کران.