حکومەتی ئێران: شۆفێران رۆژانە دەتوانن 20 لیتر بەنزین بکڕن

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، خواست لەسەر بەنزین لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر بووە.
 
شەوی رابردوو دوای هێرشەکە، قەرەباڵخی زۆر لە بەردەم بەنزینخانەکان دروست بوو. لە چەندین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان بەنزینخانەکان دوای کاژێر 11 داخران و بەشێکی زۆر لەوانەی شەو لەنۆرەدابوون، بەنزینیان دەستنەکەوتووە.
 
چەند هاونیشتمانییەک لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، چوونی خەڵک بۆ بەنزینخانەکان بەهۆی ئەگەری کاردانەوەی ئیسرائیل بووە بەرامبەر بە هێرشەکەی ئێران و خەڵک نیگەرانن ئیسرائیل کەرتی نەوت و پاڵاوگەکانی ئێران بکاتە ئامانج و بەنزین کەم بێت، بۆیە هەوڵدەدەن بەنزین پاشەکەوت بکەن.
 
بەنزینخانەکان لە کاژێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممەوە) کراونەتەوە. رەزا نەواز، گوتەبێژی یەکێتیی خاوەن بەنزینخانەکانی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە خواست لەسەر بەنزین زۆر بووە، بەڵام بەنزینی پێویست هەیە.
 
حکومەتی ئێران ئەمڕۆ بڕیاری دا فرۆشتنی بەنزین کەمبکاتەوە و لەمەودوا رێگە بە هەر شۆفێرێک دەدرێت رۆژانە 20 لیتر بەنزین بکڕێت، لەکاتێکدا پێشتر 30 لیتر بوو.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە