راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئێران درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئێران درێژکرایەوە و بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی ئەو وڵاتە دەڵێت، "لەپێناو سەلامەتیی گەشتەکانە."
جەعفەر یازرلوو، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "لەپێناو سەلامەتیی گەشتەکان و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرانسەری ئێران تاوەکو رۆژی پێنجشەممە رادەگیرێن."
یازرلوو گوتی، "راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان تاوەکو کاژێر 05:00ی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی ئێران گوتی، هێڵە ئاسمانییەکان لە رۆژانی داهاتوودا زانیاریی پێویست سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکان دەخەنەڕوو. ئاماژەی بەوەش کرد، "دواتر فڕۆکەوانیی مەدەنی زانیاریی پێویست لەبارەی گەشتەکان رادەگەیێنێت."
شەوی رابردوو دوای هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هەموو گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرانسەری ئێران راگیران.
رۆژی سێشەممە، کاژێر 19:30 بە کاتی هەولێر، ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشیکردە سەر ئیسرائیل.
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکە گوتی، بە 200 مووشەک هێرشیان کردووە و 90٪ی مووشەکەکان ئامانجەکەیان پێکاوە؛ گوتیشی، هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی سوپای پاسداران لە لوبنان.