سوپای پاسداران هۆشداری لە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدات

02-10-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی ئێران لە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەڵێت، هەر جۆرە پشتیوانییەک تاوانە و لێپرسینەوە لەگەڵ هاووڵاتییەکەدا دەکرێت.
 
دوای ‌هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێ شەوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هەواڵگریی سوپای پاسداران بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداریی دا.
 
هەواڵگریی سوپای پاسداران دەڵێت، "هەر جۆرە چالاکییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە بەرژەوەندی و بۆ پشتیوانیکردن لە رژێمی زایۆنی بێت، تاوانە و لێپرسینەوەی لەگەڵ هاووڵاتییەکە دەکرێت."
 
هەواڵگریی سوپای پاسداران داوا لە خەڵکی ئێران دەکات، ئەگەر لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان هەر جۆرە چالاکییەکیان بۆ پشتیوانیکردن لە ئێسرائیل بینی، زانیاری لەبارەی پەیجەکە و بەڕێوەبەرانی بۆ ماڵپەری گرداب، ماڵپەڕی فەرمیی فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی سوپای پاسداران بنێرن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەپێی مادەکانی 6، 7 و 8ی یاسای "بەرەنگاربوونەوەی کردەوەکانی قەوارەی زایۆنی دژی ئاشتی و ئاسایش، لێپرسینەوە لەگەڵ تاوانباران دەکرێت".
 
شەوی رابردوو ئێران هێرشێکی مووشەکی فراوانی کردە سەر ئێسرائیل. سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکە گوتی، بە 200 مووشەک هێرشیان کردووە و هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی سوپای پاسداران لە لوبنان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە