دوو کوڕی جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران

03-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، دوو کوڕی محەممەد موسەدیق کەهنەموویی، جێگری یەکەمی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران بە تۆمەتی "گەندەڵیی و  خراپ بەکارهێنانی پێگەیان" دەستگیر کراون.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، نزیکەی هەشت مانگە بە سەرپەرشتیی موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەستەڵاتی دادی ئێران، کار لەسەر دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵیی ئابووری لەو وڵاتە دەکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بەمدواییانە پەیوەندیی کوڕانی بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە لەگەڵ دۆسیەکە ئاشکرا دەبێت، دۆسیەکە رادەستی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران و هەواڵگریی دەستەڵاتی داد دەکرێت.
 
هەر بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، بە بریاری سەرۆکی دەستەڵاتی دادی ئێران هەشت کەس دەستگیر کراون، کە دووانیان کوڕەکانی محەممەد موسەدیق کەهنەموویین، بە ناوەکانی محەممەدسادق و ئەمیرحوسێن.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە لایەن ئەو کەسانەوە "تۆڕێکی گەورەی سپیکردنەوەی پارە، گەندەڵیی و قاچاخچێتی" دروستکرابوو.
 
مەسعود ستایشی، گوتەبێژی دەستەڵاتی دادی ئێران، رۆژی 26ی ئەیلولی 2023 رایگەیاندبوو، دوو کوڕی بەرپرسێکی باڵای دادی ئەو وڵاتە دەستگیرکراون. ستایشی ئەو کات گوتبووی، "دۆسیەیەک کراوەتەوە و بەشێوەیەکی جیدی و بێ هیچ هەڵاواردنێک لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسیەکە دەکرێت و هەر کاتێک لە رووی یاساییەوە رێگەپێدان هەبێت، زانیاری بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت."
 
محەمەدرەزا یەزدی، سەرۆکی سکرتارییەتی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە ئابوورییەکانی ئێرانیش ئەو کات گوتبووی، "یەک دوو کوڕی بەرپرسێکی باڵامان تووشی کێشە بوونەتەوە و دۆسیەیان لە دادگەیە و رێکاری یاسایی لە بەرامبەریان دەگیرێتەبەر" بەڵام ئاشکرا نەکردبوو کوڕی کام بەرپرسن.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە