خامنەیی لێبووردنی گشتی بۆ زیاتر لە 2,000 زیندانی دەردەکات

02-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران بۆ کاروباری داد رایگەیاند، بەبڕیاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو هەزار و 284 زیندانی بەر لێبووردنی گشتیی کەوتوون و سزای لەسێدارەدانی 52 کەسیش هەڵوەشێندرایەوە.
 
ئاژانسی میزان، کە میدیای فەرمیی دەستەڵاتی دادی ئێرانە، رۆژی دووشەممە، 2ی تشرینی یەکەمی 2023 بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری لێبووردنی گشتیی بۆ 2 هەزار 284 زیندانیی دەرکردووە.
 
بەپێی ئەو میدیایە، غولامحسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران، لە نامەیەکدا داوای لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کردبوو، رەزامەندی لەسەر کەمکردنەوە، گۆڕینی سزا و ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی بدات و خامنەییش بە داواکارییەکە رازی بووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی ناوەندی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادی ئێرانیش، سادق رەحیمی، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران بۆ کاروباری داد ئەمرۆ رایگەیاند، ناوی 2 هەزار و 284 کەس کە لە کۆمیسیۆنی لێبووردن لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان کرابوو، شایەنی لێبووردنی گشتین، بۆیە دوای پشتڕاستکردنەوەی ناوەکان، لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادەوە لیستی ناوەکان بۆ رێبەر نێردران و ئەویش رەزامەندی لەسەر دەربڕی.
 
سادق رەحیمی گوتی، بەپێی بریارەکە هەزار و 17 زیندانی ئازاد دەکرێن و سزای هەزار 267 زیندانیی دیکەش کەمدەکرێتەوە.
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی دەستەڵاتی دادی ئێران، لە چوارچێوەی ئەم لێبووردنە گشتییەدا، سزای لەسێدارەدانی 52 کەس هەڵدەوەشێتەوە و سزاکەیان دەگۆڕدرێت بە زیندانیکردن.
 
سادق رەحیمی دەڵێت، ئەم بڕیارە هەروەها 41 گیراوی بیانی خەڵکی چەندین وڵات، 13 زیندانیی دۆسیە ئەمنییەکان و 237 ژنیش دەگرێتەوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە