لە زانکۆی پزیشکیی ئێران دەست بەسەر 900 لیتر کحولدا گیرا

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی تاران دەستی بەسەر 900 لیتر خواردنەوەی کحولی لە نێو زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێراندا گرت و کارگێڕیی زانکۆکەش دەڵێت، خواردنەوە کحولییەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی بەڵێندەرەوە دروستکراوە کە تاقیگەی زانکۆکەی بە کرێ گرتووە. 
 
رۆژی دووشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2023، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە تاقیگەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران کە ماوەیەکە بە کرێ دراوەتە کۆمپانیایەک، بەهۆی ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چاودێریی شوێنەکە نەکراوە، ئەو دەرفەتەی قۆستووەتەوە و تاقیگەکەی کردووە بە کارگەی بەرهەمهێنانی خواردنەوە کحولییەکان.
 
بەگوێرەی کارگێڕیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران، ئەو کۆمپانیایە دوای بەرهەمهێنانی خواردنەوە کحولییەکان، لەنێو بازاڕی تاراندا فرۆشتوویەتی، بەڵام دوای ماوەیەک بەردەوامبوون لەو کارە، بەشێک لە مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆکە بەمە دەزانن و پەیوەندی بە سەرۆکایەتی زانکۆوە دەکەن.
 
لەکاتی چوونی هێزەکانی پۆلیس بۆ تاقیگەکە، دەست بەسەر 900 لیتر خواردنەوەی کحولیی جۆراوجۆردا دەگیرێت. ئەوە لەکاتێکدایە بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان لە ئێران بەپێی یاسا قەدەخەیە.