کوردێک دەبێتە جێگری سەرۆککۆماری ئێران

02-08-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران، کوردێکی وەکو جێگری خۆی بۆ کاروباری جێبەجێکردن و سەرپەرشتیاری نووسینگەکەی دەستنیشانکرد.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، رۆژی پێنجشەممە، 1ی ئابی 2024 بە بڕیارێک محەممەدجەعفەر قائیم پەنای، وەکو جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری جێبەجێکردن و سەرپەرشتیاری نووسینگەی سەرۆککۆماریی دەستنیشان کرد.
 
لە بڕیارەکەی پزیشکیاندا هاتووە: "بە پشتبەستن بە مادەی 124ی دەستوور و بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی لێهاتوویی و ئەزموونی بەنرخی بەڕێوەبردن، تۆمارە ئەکادیمی و کارگێڕییەکان، بەم فەرمانە بەڕێزتان بۆ پۆستی جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری جێبەجێکردن سەرۆک و سەرپەرشتیاری نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار دەستنیشان دەکەم."
 
محەممەدجەعفەر قائیم پەنا پزیشکی چاوە و خەڵکی شاری هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 
لە سەردەمی کابینەی دووەمی محەممەد خاتەمیدا، کە مەسعود پزیشکیان وەزیری تەندروستی بوو، قائیم پەنا جێگری پزیشکیان بوو بۆ کاروباری گەشەپێدان و بەرێوەبردن.
 
محەممەدجەعفەر قائیم پەنا زیاتر بە هەڵوێستەکەی لە کاتی خۆپێشاندانەکانی 2022 دەناسرێت. ئەو پزیشکە کوردە یەکێک لەو پزیشکانە بوو کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی دوای مردنی گوماناوی ژینا ئەمینی، کچە کوردەکەی خەڵکی سەقز، رەخنەی لە تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکان لە چاوی خۆپێشاندەران کرد.
 
دوای هەڵبژاردنی 14ـەمین خولی سەرۆککۆماریی ئێران کە تێیدا مەسعود پزیشکیان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بووە ئەندامی ئەنجوومەنی قۆناخی راگوزەری بۆ دەستنیشانکردنی وەزیرەکان و پێکهاتەی کابینەکەی.
 
مەسعود پزیشکیان هەروەها لە بڕیارێکی دیکەدا محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری دەرەوەی وڵاتەکەی وەکو جێگری خۆی بۆ کاروباری ستراتیژی دەستنیشان کرد.
 
محەممەد جەواد زەریف، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێراندا هەشت ساڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بوو و بە ئەندازیاری رێککەوتنی ئەتۆمی دادەنرێت کە ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 بە سەرپەرشتیی ئەمریکا واژۆکرا.
 
رۆژی 28ـی تەممووزی 2024، لە رێوڕەسمێکدا لە حوسێنییەی ئیمام خومەینی لە تاران، بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان وەکو نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئەو وڵاتەوە واژۆکرا.
 
رۆژی 30ی تەممووزی 2024، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وەکو نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران سوێندی یاسایی خوارد.
 
محەممەدجەعفەر قائیم پەنا کێیە؟
 
- لە شاری هەرسینی سەر بە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە
 
- پزیشکی چاوە و ئەندامی کۆمیتەی زانستیی زانکۆی پزیشکیی ئێرانە
 
- سەرۆکی یەکەمین خولی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بووە
 
- ماوەیەک جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کرماشان بۆ کاروباری دەرمان بووە
 
- ئەندامی ئەنجوومەنی ئیسلامی زانکۆی پزیشکیی تەورێز بووە
 
- بەرپرسی ناردنی قوتابیانی زانکۆ بووە بۆ بەرەکانی شەڕی ئێران-عێراق
 
- لە کابینەی دووەمی محەممەد خاتەمیدا، جێگری وەزیری تەندروستی ئێران بووە
 
- لە کاتی خۆپێشاندانەکانی 2022 رەخنەی لە تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکان لە چاوی خۆپێشاندەران کرد
 
- ئەندامی ئەنجوومەنی قۆناخی راگوزەر بووە بۆ دەستنیشانکردنی وەزیرەکانی کابینەی پزیشکیان
 
- رۆژی 1ی ئابی 2024، بە جێگری سەرۆککۆمار ئێران دیاریکرا
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران لە نزیک ئۆتۆمبێلێکی مووشەکهەڵگری ئەو وڵاتەوە. وێنە: WANA

ئێران: کاردانەوەی جیدیمان بۆ سزادانی "رژێمی زایۆنی" دەبێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی سەبارەت بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە جەددەی سعودیە کۆببنەوە. گوتیشی، ''سەقامگیریی ناوچەکە تەنیا بە سزادانی رژێمی زایۆنی دەستەبەر دەبێت''.