ئەنتۆنی بلینکن: گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی باشترین ئەنجامی بۆ ئەمریکا، ئێران و جیهانیش دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەمین کۆنفرانسی ئێن پی تی، واتە "پەیماننامەی رێگری لە پەرەسەندنی چەکە ئەتۆمییەکان" دەکرێت، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بابەتێکی گرنگی کۆبوونەوەکەیە.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "ئێران هێشتا لەسەر قووڵبوونەوەی ململانێ ئەتۆمییەکانی بەردەوامە، هەرچەندە لە رواڵەتدا باس لە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات. ئێران یان نایەوێ یان ناتوانێت گرێبەستێک قبوڵ بکات کە ئامانجی ئەوەیە پەرە بە چەکە ئەتۆمییەکان نەدرێ. گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی، باشترین ئەنجامی بۆ ئەمریکا، ئێران و جیهانیش دەبێت."
 
دانوستاندنەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ماوەیەکە راگیراون، بۆ دەرچوون لەو دۆخە، یەکێتیی ئەوروپا پێشنیازێکی نوێی خستووەتەڕوو، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاندووە کە ئامادەیە بەخێرایی دانوستاندنەکان بە ئەنجام بگەن، بەڵام بە مەرج.
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی مەرجی وڵاتەکەی باسی لەوە کرد: "ئێمە بەڕاستی جیدین رێککەوتنێکی باش، بەهێز و بەردەوام بکەین. بە دیاریکراوی، ئەگەر لایەنی ئەمریکایی بەگوێرەی واقیعبینانە بجوڵێتەوە و لە دانوستاندنە گریمانەکراوەکانی داهاتوودا بەگوێرەی پێویست نەرمی بنوێنێت، رێککەوتن شتێکی دوورەدەست نابێت."
 
بەڵام لەم کاتەدا کە هەوڵەکان بۆ خولێکی دیکەی دانوستاندن هیوایەکی کردووەتەوە، ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، سەتان سانتریفیوژی نوێ چالاک دەکات، ئەمەش پێچەوانەی رێککەوتنی ئەتۆمییە.
 
بێهرووز کەمال ئابادی، گوتەبێژی ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم کارە لە دوێنێ شەوەوە دەستیپێکردووە و دەتوانم بڵێم هەزار ئامێری ئای ئار شەش چالاکن، هەڵبەت ئامێری ئای ئاڕ وانیش هەیە، ئەمانەش لە دوێنێوە چالاک کراون. پەیامێکیشی ئەوەیە هیچ ئۆپەراسیۆنێک ناتوانێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رابگرێت، تەنانەت هێوریش بکاتەوە."
 
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی دوو لایەنەی ئەمریکا و ئێران کە دەتوانن کاریگەریی نەرێنی لەسەر دانوستاندنەکان دابنێن، محەممەد سەلامی، سەرۆکی رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران دەڵێت: "ئێران تەکنۆلۆژیای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە."
 
ئەمریکا سزای تازەی بەسەر پیشەسازیی پترۆکیمیایی ئێراندا سەپاند. ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو گەمارۆیانەی لەکاتی دەسپێکردنەوەی دانوستاندنەکاندا بە "رووخێنەر" لە قەڵەمدا و گوتی: "ئێران کاردانەوەی لێبڕاوانە و تووندی دەبێت."
 
لەو کۆنفرانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا دیسان داوایان لە ئێران کرد وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بداتەوە. واتە پرسیار لەسەر چەند شوێنێک کە ئاژانس نیشانەی یورانیۆمی تێیاندا دۆزیوەتەوە. ئەم بابەتە سکرتێری ئاژانس وەک مەرج و ئامادەکاریی بۆ دانوستاندن لە قەڵەمیدا.