'قەفەس یان گەعدە'.. دیبەتێکی تووند لەنێوان دوو بەربژێرەکەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران بەڕێوەچوو

02-07-2024
رووداو @Rudawkurdish
دیبەیتی مەسعود پزشکیان و سەعید جەلیلی
دیبەیتی مەسعود پزشکیان و سەعید جەلیلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

'قەفەس یان گەعدە،' تۆمەتی دوو بەربژێری گەڕی دووەمی سەرۆککۆماری ئێران، کە لە یەکەم دیبەیتی ئەم گەڕەدا لە میدیای ئەو وڵاتە پارسەنگی یەکدییان نا بۆ تێكدانی ژیانی هاووڵاتییان. بەربژێری ریفۆرمخواز، تەنیا گەمارۆکان بە کێشەی بنەڕەتیی ئابووریی ئێران دەزانێت.
 
مەسعود پزشکیان، بەربژێری سەرۆککۆماریی ئێران دەڵێت، "کێشەی سەرەکیمان ئەو ناکۆکییەیە. FATF لە کاتی ئەو حکومەتەدا، دژی دەوەستن و لە کاتی ئەم حکومەتەدا، پەسند دەکرێت. ئێمە دەتوانین ئاوا بژین، لە قەفەسێکدا، دایبخەین و لەگەڵ جیهان هیچ پەیوەندییەکمان نەبێت. مەژی و مەمرەیە؛ بەڵام ئەگەر بمانەوێت گەشە بکەین، هەتا پەیوەندییەکانمان باشتر بن، خەڵکەکەمان باشتر دەژین."
 
بەربژێری نەریتخوازیش، لۆبیکردنی ریفۆرمخوازەکان بۆ دابەشکردنی دەسەڵات بە کێشەی سەرەکی دەزانێت. سەعید جەلیلی، بەربژێری سەرۆککۆماریی ئێران دەڵێت، "ئەو کۆبوونەوە هاوڕێیانە و ئەو گەعدانە و ئەو لۆبیکردنانە، هیچی لێ دەرناچێت. ئەوەی لێ دەرناچێت کە لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەماندایە. روانگەی ئێمە ئەوەیە کە سنووردار نەبین بە گەعدەیەک و چینێکی دیاریکراو. دەبێت هەموو خەڵک لە دیاریکردنی ژیانیاندا، بەشداری بکەن."
 
کاردانەوەی ئەم دیبەیتە، لە چەند کاژێری رابردوودا لە میدیاکانی ئێران، زیاتر بووە لە کاردانەوەی دیبەیتەکانی گەڕی یەکەم. هۆکارەکەشی بەشدارینەکردنی زیاتر لە 60%ی خەڵکی ئەو وڵاتەیە لە هەڵبژاردن. بۆیە ئەو بابەتانەی لە چەند ساڵی رابردوو لای ئێران بڤە بوون، هاتنە ئاراوە؛ وەکو مافی نەتەوەکان و پێکهاتە ئایینییەکان.
 
سەعید جەلیلی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەهلی سوننە و قەومەکانی نێو ئێران، هەر کامەی مافێکیان هەیە، چ دەنگم پێبدەن و چ دەنگم پێنەدەن. ئەرکی حکومەتە، ئەرکی کۆماری ئیسلامییە ئەو مافە بدات. ئەگەر باسی شیاوێتییە، ئەگەر مافی سیاسییە، ئەگەر بەشدارییە، ئەو مافە دەبێت بدرێت. ئەمە کردەوەیەکی ناحەزە لە کاتی هەڵبژاردندا مامەڵە لەسەر ئەو مافە بکەین."
 
مەسعود پزشکیان-یش گوتی، "باوەڕمان پێناکەن. ئێمە دەڵێین سەر بە خەڵکین، کەچی لەسەر سفرەیەکی دیکە دانیشتووین. ناکرێت سفرەیەکی پڕ بۆ خۆیان رابخەن کە لە سفرەی خەڵک جیاواز بێت. ناکرێت ئەوەی سەر بە ئێمە بوو دایبمەزرێنین و ئەوانەی ناسیاوێکیان لە سیستمدا نییە و سەر بە هیچ حیزبێک نین، هیچ پێگەیەکیان نەبێت. ناکرێت ئەوانەی سوننەن، کوردن، یان عەرەبن، هیچ پۆستێکیان پێنەدرێت."
 
جگە لەو بابەتانە کە لە ئێران بە بابەتی ئەمنی ناسراون، کێشەی ئینتەرنێت، هەلی کار، هەڵاوسان، گەندەڵی، گەشەی ئابووری و نەبوونی پلانی پسپۆڕانە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتیش لە گرنگترین ئەو بابەتانە بوون، کە باس کران و هەردوولا یەکدییان بە بەڵێنی درۆ و بانگەشەی کاتی هەڵبژاردن تۆمەتبار کرد.
 
جەلیلی پێیوایە، "دەبێت دیاریبکرێت، ئەو پلانەی حکومەت دەینووسێت و پەرلەمانیش پەسندی دەکات، دەبێت هەمووی پابەندی بن. کە دەڵێین بەپێی ئەو پلانە ئابووریمان 8% گەشە دەکات، پێشوەختە نەڵێن هەڵەیە، لەخۆوەیە و درۆمان بە خەڵک گوتووە. ئەو 8%ـە حەتمەن جێبەجێ دەکرێت."
 
پزشکیان گوتی، "من هەر ئێستا لەبەر چاوی خەڵکدا رایدەگەیێنم، هەر ئەمڕۆ لە هەڵبژاردن دەکشێمەوە بەو مەرجەی ئەم بەڕێزە ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکات کە دەڵێت 8%ی گەشە بە ئابووری دەدات. ئەگەر نەیدا، دەبێت لەسێدارەی بدەن. قسەیەک دەکەیت لەسەری بوەستە. ئەوەندەمان بەڵێن بە خەڵک دا و جێبەجێمان نەکرد، بۆیە لەم دۆخەداین."
 
بڕیارە رۆژی هەینی 5ی تەممووز گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان مەسعود پزشکیان و سەعید جەلیلی بۆ بەدەستهێنانی چواردەیەمین پۆستی سەرۆککۆماریی چوار ساڵی داهاتووی ئێران بەڕێوەبچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە