ئێران داوا لە فەرەنسا دەکات کۆتایی بە "مامەڵەی تووندوتیژ" دژی خۆپێشاندەران بهێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران داوای لە حکومەتی فەرەنسا کرد کۆتایی بە تووندوتیژی دژی خۆپێشاندەران بهێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی نزیکەی هەفتەیەکە خۆپێشاندان و ئاڵۆزی زۆربەی شارەکانی فەرەنسای گرتووەتەوە لەدوای کوشتنی مێرمنداڵێکی بە رەچەڵەک جەزائیری لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە.
 
رۆژی یەکشەممە 02ی تەممووزی 2023 ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر داوای لە هاووڵاتییانی ئێرانی کرد "دان بە خۆیاندا بگرن و گەشت بۆ فەرەنسا نەکەن." داوایشی لەوانە کرد کە ئێستا لە فەرەنسان "خۆیان بەدوور بگرن لەو ناوچانەی ئاڵۆزییان تێدایە،" ئاگاداریشیان دەکاتە لەوەی "دۆخەکە ناسەقامگیر و چاوەڕوان نەکراوە."
 
هەروەها کەنعانی لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، "چاوەڕوان دەکەین حکومەتی فەرەنسا کۆتایی بە تووندوتیژییەکان دژی خەڵکەکەی بهێنێت، بەوەی رێز لە پرەنسیپەکانی ئازادیی رادەربڕین و کەرامەتی مرۆڤایەتی و مافەکانی هاووڵاتییانی بگرێت بۆئەوەی بە ئاشتییانە خۆپیشاندان بکەن."
 
رۆژی 27ی حوزەیران لە ناوچەی نۆنترێی رۆژئاوای شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بەگوێرەی زانیارییەکانی داواکاری گشتیی پاریس، ئەفسەرێکی پۆلیسی فەرەنسی دوای ئەوەی داوا لە مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵان بەناوی نائیل دەکات، ئۆتۆمبێلەکەی رابگرێت، بەڵام راینەگرتووە و ئەفسەرەکەش تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی، پاش ئەو رووداوە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی فراوان چەندین شار و شارۆچکەی فەرەنسای گرتووەتەوە و تائێستا پۆلیس زیاتر لە 700 خۆپێشاندەری دەستگیر کردووە.
 
هەروەها بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و هێورکردنەوەی، حکومەتی فەرەنسی دەیان هەزار پۆلیسی رەوانە سەر شەقامەکان کردووە، ئەمەش لەدوای ئەوەی خۆپێشاندەران چەندین باڵەخانە و قوتابخانە و فەرمانگەی حکومییان ئاگر تێبەرداوە و تێکداوە.
 
ئەو داوایەی ئێران لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو ئێران رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی خۆپێشاندان بووەوە، دوای ئەوەی کچێکی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێران، لە تاران گیانی لەدەستدا (دواتر باوکی بە رووداوی گوت کوژراوە) و دەسەڵاتدارانی ئێران وڵاتانی رۆژئاوایان تۆمەتبار کرد بەوەی لەپشت شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێرانن.
 
مانگی رابردوو، محەممەد کازمی، کە ئەفسەرێکی باڵاتی دەزگای هەواڵگریی ئێرانە رایگەیاند، نزیکەی 20 وڵات کە لەنێویان ئەمریکا و فەرەنسا هەن، دەستیان لە خۆپێشاندانەکاندا هەبووە.
 
مانگی تشرینی یەکەمی پار، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی تووندی لە پاڵپشتییەکانی فەرەنسا بۆ خۆپێشاندانەکانی ئێران گرت و رایگەیاند، هەڵوێستی ئێران بەرامبەر مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانی لە دژی خۆپێشاندەران "دووفاقییەکی روونە و دەستوەردانە لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکە."