وەزیری دەرەوەی ئێران: بە نێوەندگیریی ئەوروپا دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەکەین

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بە نێوەندگیریی وڵاتانی ئەوروپا، واشتن و تاران پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ دانوستاندن دەردەبڕێت. هەروەها ئێران رەزامەندی داوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەندێ لە کامێراکانی چاودێریی دابنێتەوە. 
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "لەڕێی وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپا لەنێوان ئێران و ئەمریکادا پەیام ئاڵوگۆڕ کراوە و ئێستاش دەرگای دیپلۆماسی و دانوستاندن کراوەیە."
 
لە پەیوەندییەکانی ئێراندا جموجۆڵی نوێ لە ئارادایە. بەپێی راپۆرتی راگەیاندنەکانی ئێران، 3 کەسی خاوەن دوو وڵاتینامە کە لە ئێران دەستگیرکراون، خەریکە ئازاد دەکرێن.
 
هاوکات لەگەڵ ئەمە، ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش لەسەر هەندێ خاڵی ناکۆک رێکەوتنیان کردووە. بەپێی ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەتەوە، دۆسیەی دۆزینەوەی یورانیۆم لە شاری ئابادەی پارێزگای فارسی باشووری ئێران چارەسەرکراوە. ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە ئێرانی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە شوێنی ئابادەی پێ رانەگەیاندووە.
 
هەروەها ئاژانسەکە گوتوویەتی، لە پەیوەندیی لەگەڵ دۆزینەوەی یورانیۆمی پیتێنراوی 83٪، بە روونکردنەوەکانی ئێران کێشەکە چارەسەر بووە. ئێران بە فەرمی رایگەیاندووە، یورانیۆمی 60٪ پیتێنراوی هەیە.
 
هەروەها ئێران رەزامەندیی دەربڕیوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەندێ لە کامێراکانی چاودێریی دابنێتەوە.
 
ئەم هەنگاوانەی ئێران لە کاتێکدایە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش نزیکە و ئەگەر ئێران کێشەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە بەجۆرێک چارەسەر نەکات، ئەگەری هەیە بڕیارنامەیەک لەدژی دەربکرێت.
 
بەپێی راپۆرتەکان، لە رۆژانی رابردوودا برێت مەکگرۆک، راوێژکاری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە عومان بووە. ئەم سەردانەی ئەو هاوکات بووە لەگەڵ سەردانی هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان، بۆ ئێران. عومان رابردوویەکی لە نێوبژیوانی بۆ ئێران هەیە.
 
هەروەها باس لەوەش دەکرێ کۆریای باشووریش لە پەیوەندیی لەگەڵ ئازادکردنی نزیکەی 7 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران، دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا کردووە.
 
ئەم گۆڕانکارییانە هاوکات لەگەڵ گۆڕینی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێراندا روویدا.
 
عەلی بەهادۆری جەهرۆمی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، "گۆرینی کەسایەتییەکان سیاسەتە بنەڕەتی و ستراتژییەکان ناگۆڕێ، بەڵام ورەی نوێ، بەرپرسی نوێ، ئەنگیزەی نوێ و شێوازی نوێی کار دەتوانێت، لە قۆناخەکانی جێبەجێکردندا جێبەجێکردنی سیاسەتە بنەڕەتییەکان خێراتر بکات."
 
ئەم بابەتانە ئەو گومانەیان دروستکردووە، کە ئێران و ئەمریکا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو جۆرێک لێکتێگەیشتن دەڕۆن. 
 
جۆن کێربی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت، "بە سەرنجدان بە کێشە نێوخۆییەکانی ئێران و پشتگیری ئێران لە رووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا، لەم کاتەدا رێککەوتنی ئەتۆمی لە کارنامەی حکومەتی ئەمریکادا نییە." ئەو بەرپرسانی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە نیازپاکییان بۆ دانوستاندن نەبووە.