لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بانگەشە بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاند، لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ گەڕی دووەەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کە بڕیارە لە رۆژی 10ی ئایار بکرێت، دەستپێدەکات و هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
 
دەستەی هەڵبژاردنی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو بەربژێرانەی شیاون دەتوانن لە رۆژی پێنجشەممە، 02-05-2024 دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن، بانگەشەکەش هەفتەیەک دەخایێنێت. 
 
سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، گەڕی دووەمی دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی 45 کورسیی پەرلەمان، رۆژی 10-05-2024 بەڕێوەدەچێت.
 
گەڕی دووەەمی هەڵبژاردنەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەڕێوەدەچێت.
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چارەنووسی زۆربەی کورسییەکان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا یەکلاکراونەتەوە و تەنیا دوو کورسی لە سێ کورسییەکەی بازنەی شاری کرماشان و دوو کورسیی بازنەی خوڕەمئاوا لە پارێزگای لۆڕستان ماون، چارەنووسی کورسییەکانی ئەو دوو بازنەیەش لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا یەکلادەکرێنەوە.
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا کە لە 10-03-2024 بەڕێوەچوو، چارەنووسی 245 کورسیی پەرلەمان لە کۆی گشتیی 290 کورسی یەکلابوونەوە. بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، زیاتر لە 61 ملیۆن و 172 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.
 
ئەو پارێزگایانە و ژمارەی ئەو کورسییانەی کە چارەنووسیان یەکلایی نەبووەتەوە ئەمانەن: 
 
تاران 16 کورسی، ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز) شەش کورسی، ئیسفەهان یەک کورسی، ئەلبورز یەک کورسی، خوراسانی رەزەوی دوو کورسی، خوراسانی باشوور یەک کورسی، خوزستان سێ کورسی، زەنجان دوو کورسی، فارس پێنج کورسی، کرماشان دوو کورسی، لۆڕستان دوو کورسی، گوڵستان یەک کورسی، مازەندەران دوو کورسی و هەمەدان یەک کورسی.
 
بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران، پێویستە لە هەڵبژاردندا هەر بەربژێرێک لانیکەم 20٪ی ئەو دەنگانەی دەخرێنە سندووقەکانی دەنگدان بەدەستبهێنێت، ئەگەر رێژەکە کەمتر لەوە بێت، هەڵبژاردن دەچێتە قۆناخی دووەم. لەو قۆناخەدا هەر بەربژێرێک زۆرینەی دەنگەکان مسۆگەر بکات، دەبێتە پەرلەمانتار.