پەرستارانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان داوای زیادکردنی مووچە و دەرماڵە دەکەن

02-05-2023
رووداو @Rudawkurdish
دیمەنێک لە ناڕەزایی بەشێک لە پەرستاران لە قەزوێن
دیمەنێک لە ناڕەزایی بەشێک لە پەرستاران لە قەزوێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەمیی مووچە و دەرماڵە چەند رۆژێکە پەرستارانی شارە جیاوازەکانی هێناوەتە سەر شەقام. ئەوان دەڵێن، مووچەکانیان کەمە و گوشاری کاری زۆریان لەسەرە. لەنێو ستافی نەخۆشخانەکانیشدا جیاکاری دەکرێت.
 
ئەو کێشانە بوونەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە پەرستاران واز لە پیشەکەیان بهێنن یان کۆچ بکەن. محەممەد پاکمێهر، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ساڵی رابردوو 3000 پزیشک و پەرستار کۆچیان کردووە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ کۆچکردنیان زیاتر بێت.
 
لە هەموو ئێران 155 هەزار پەرستار لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییە حکومییەکاندا کار دەکەن. ئەوان بە نەخۆشی سەر 156 تەختی نەخۆشخانەکان رادەگەن. بۆ هەر تەختێک کەمتر لە پەرستارێک هەیە، لە کاتێکدا بەپێی ستانداردەکان دەبێت بۆ هەر تەختێک لانیکەم 2.5 پەرستار هەبێت. بەهۆی کەمیی پەرستاریشەوە، پەرستاران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناچارن کاری زیاتر بکەن، بەڵام دەڵێن، بۆ ئەو کاری زیادییە پارەیەکی کەمیان پێدەدرێت.
 
ئەمساڵ لە بەرامبەر 24 کاژێر کاری زیادەدا، 120 هەزار تمەن یان شتێک زیاتر لە دوو دۆلاریان پێدەدرێت. رێکخراوی پەرستارانی ئێران ئەو بڕە پارە کەمە بە "سووکایەتی بە پەرستاران" دەزانێت.
 
عەباس عەبادی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، "لەم قۆناخەدا مۆڵەتی دامەزراندنی 25 هەزار کەسیان داوە. هەڵبەت ئەوەش دابەشکراوە. زیاتر لە نیوەی ژمارەکە تایبەتە بە هاوکارانی پەرستار لە بەشەکانی چارەسەرکردن و فریاکەوتنی خێرا و کەرتەکانی دیکەی تەندروستی."
 
رێکخراوی پەرستارانی ئێران دامەزراندنی ئەو ژمارە بە چارەسەر نازانێت. محەممەد میرزابەیگی، سەرۆکی رێکخراوی پەرستارانی ئێران دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی پەرستار، دەبێت 100 هەزار پەرستار دابمەزرێندرێن.
 
بەپێی راپۆرتی ماڵی پەرستارانی ئێران، مووچەی مامناوەندی پەرستاران لە ئێران 10 ملیۆن تمەنە، کە دەکاتە کەمتر لە 200 دۆلار. بڕە پارەیەک کە بەشی دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانی مانگانەی خێزانێک ناکات، بۆیە بەشێک لە پەرستاران واز دەهێنن و کاری دیکە دەکەن، یان کۆچ دەکەن. نەمانی هەر پەرستارێک، بە واتای گەورەتربوونی کێشەکانی کەرتی تەندروستییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە