پەرلەمانی ئێران داوا دەکات وەڵامێکی تووندی ئیسرائیل بدرێتەوە

02-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "رژێمی زایۆنی رووبەڕووی سزادانێکی قورس دەبێتەوە." پەرلەمانتارێکی ئەو وڵاتەش داوا دەکات وەڵامێکی تووندی ئیسرائیل بدرێتەوە و دەڵێت، پێویستە "ناوەندە دیپلۆماسییەکانی رژێمی زایۆنی لە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە بکرێنە ئامانج کە باشتر وایە ئازەربایجان بێت."
 
لە راگەیێندراوەکەیدا محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق وەکو "تاوانێکی زەق و ئاشکرا" ناودەبات و دەڵێت، ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج "بۆ بەرگریکردن لە مەزارگە پیرۆزەکانی ئەهلی بەیت وەکو راوێژکاری سەربازی لە سووریا بوون."
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "پێویستە سەرکردە نەزانەکانی رژێمی قۆرخکاری ئیسرائیل و لایەنگرانی، بزانن کە ئەم کردە چەپەڵانەیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ویستی خەباتکارانی موقاوەمە بۆ دەستکەوتنی ئازادی و مافەکانیان نابێت، کردە شەڕەنگێزی و خراپەکانیشیان رووبەڕووی سزادانێکی تووند دەبنەوە."
 
نیزامەدین مووسەوی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێرانیش دەڵێت، "تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهیدانی ئەو هێرشە، داواکارییەکی نەتەوەییە و رای گشتیی وڵاتەکەمان پشتگیری لە هەر جۆرە وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە و گونجاو بەرامبەر ئەو کردەوە تاوانکاری و تیرۆریستییەی زایۆنییەکان دەکات."
 
جەلال رەشیدی کوچی، پەرلەمانتاری ئێرانیش لە بازنەی مەرودەشتی پارێزگای فارس ئەمڕۆ سێشەممە 2ی نیسانی 2024 لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، دەبێت بە شێوەیەکی بەهێز وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی سووریا بدرێتەوە و پێشنیاز دەکات، لە تۆڵەی هێرشەکەدا "بە ئاشکرا ناوەندە دیپلۆماسییەکانی رژێمی زایۆنی لە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە بکرێنە ئامانج کە باشترە ئازەربایجان بێت."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەگەر ئێران وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە و هاوشێوەی نەبێت، گورزێکی قورس بەر ناوبانگ و پێگەی دەکەوێت.
 
جەلال رەشیدی کوچی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئارامگرتن و دواکەوتن لە هەبوونی یەکلاییکەرەوە و هاوشێوە بۆ هێرشی سەربازیی زایۆنیستەکان بۆ سەر ئێران بە هەر ناوێک بێت، یەکسانە بە لێدانی قورس لە ناوبانگ و شکۆی ناوی مەزنی ئێران. پێشنیازی من ئەوەیە کە بە ئاشکرا و راستەوخۆ یەکێک لە ناوەندە دیپلۆماسییەکانی زایۆنیستەکان لە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە بکرێتە ئامانج، باشترە ئازەربایجان بێت."
 
هەر ئەمڕۆ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە راگەیێندراوێکدا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و گوتی، "هێرشەکە تیرۆریستییە و پێشێلکارییەکی زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانە و ئەو تاوانەی زایۆنییەکان بێ وەڵام نابێت."
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسی، بەرپرسانی باڵیۆزخانەی سویسرایان وەک لایەنی پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کردووە و پەیامێکی گرنگیان بۆ حکومەتی ئەمریکا وەک پاڵپشتیکاری رژێمی "زایۆنی ناردووە."
 
هەروەها زەهرا ئیرشادی، جێگری باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج و بە تەواوی خاپوور بوو.
 
دوای هێرشەکە، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی حەوت کەس لە فەرماندەی باڵا و راوێژکارانی سەربازی پشتڕاستکردەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵایان بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازیی لە سووریا بوون، کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە