ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ لەکاتی قسەکردن لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، وێنە: ATTA KENARE / AFP
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران لە پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند "پێمانوابوو گفتوگۆ چارەسەری کێشەکانە، بەڵام پابەندین بە رێنماییەکانی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی."
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2ـی ئاداری 2025) لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێران بۆ لێپێچینەوە لە وەزیری ئابووریی ئەو وڵاتە، مەسعود پزیشکیان رایگەیاند "من، پێموابوو باشترە دانوستاندن هەبێت، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی گوتی ئێمە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ناکەین و منیش رامگەیاند، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکادا ناکەین، بەڵام دەبێت رێگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدۆزینەوە."
پزیشکیان گوتی،"من، بڕوام بە دانوستاندن هەیە، هەرواش دەمێنمەوە، بەڵام تاوەکو کۆتایی لەگەڵ ئەو هەڵوێستە دەوەستین کە رێبەر دیاری کردووە و بەپێچەوانەوە مامەڵە ناکەین."
رۆژی سێشەممە (4ـی شوباتی 2025) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی سەرۆکایەتیی بۆ زیاترکردنی گوشارەکانی لەسەر ئێران واژۆ کرد.
دۆناڵد ترەمپ دوای واژۆکردنی فەرمانەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "بە هیوام پێویست نەکات [رێکاری] زۆر بەکاربهێنم. دڵخۆش نیم بەمە، بەڵام راستییەکەی بژاردەی زۆرم نییە، چونکە دەبێت بەهێز بین."
لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ترەمپ گوتی، "سەیر دەکەین، بزانین دەتوانین رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین یان نا."
ترەمپ ساڵی 2018 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، جیا لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" لەدژی ئێران، لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـش کشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ