رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە کشتییەکانیان لە ناو دەریا تووشی کێشە بوون، نازانن لە داهاتوودا چۆن نەوت و گاز هەناردە بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 02 ئاداری 2025، دانیشتنی پەرلەمانی ئێران بۆ لێپێچیبنەوە لە وەزیری ئابووری ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو لە دانیشتنەکە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئامادەبوو و رایگەیاند،"لە قەتەر 6 ملیار دۆلار پارەی سڕکراومان هەیە، لە عێراق و تورکیاش هەمانە پێمان نادەنەوە".
پزیشکیان گوتی: "پێماندەڵێن چۆن لە شەش مانگ ئەو هەموو کێشەیە دروست بوو، بەهۆی سزاکانی ئەمریکا کەشتییەکانمان لە ناو دەریا تووشی کێشە بوون، نازانین لە داهاتوو چۆن نەوت و گاز هەناردە بکەین".
سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوەش کرد، "دووژمن بە وریاییەوە گوشاری ئابووری لە سەرمان تووندتر دەکات، ئێمە ناڵێین هەڵە نین، بەڵکو دەمانەوێت بە دڵ و گیان کێشەی خەڵک چارەسەر بکەین. لە شەڕی ئابووریدا ناتوانین بە یەک جار هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین".
ئەمریکا لە 24-02-2025 سزای بەسەر 16 دامەزراوە و کەشتیدا سەپاند، کە کار بۆ پیشەسازیی نەوت و پیترۆکیمیایی ئێران دەکەن، ئەم هەنگاوەیان بە بەشێک لە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئێران جێبەجێ دەکرێت.
وەزارەتی دەرەوە و نووسینگەی کۆنترۆڵی کەلوپەلی دەرەوە لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC) سزای بەسەر 22 کەسایەتی دا سەپاندووە و 13 کەشتییان وەک موڵکی بلۆککراو ناساندووە، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە پیشەسازیی نەوتی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ