ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن لە هەندێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە

02-03-2024
فواد حەقیقی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنی خوولی 12ی پەرلەمانی ئێران نیوەشەوی رابردوو کۆتاییهات و لە بازنە جیاوازەکانی هەڵبژاردن وردە وردە ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدان بڵاودەکرێنەوە. بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، رێژەی بەشداری نزیکەی 41% بووە.
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، زیاتر لە 25 ملیۆن کەس لەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، دەنگیان داوە؛ کە دەکاتە نزیکەی 41%ی دەنگدەران.
 
لە هەندێک لە بازنەکانی هەڵبژاردنی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ناوەندەکانی هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی دەنگدانیان بڵاوکردووەتەوە. بەپێی راپۆرتی ناوەندی هەڵبژاردنی پارێزگای ئیلام، لە کۆی 471 هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەبووە، 259 هەزار و 858 کەس دەنگیان داوە، واتە رێژەکە 55% بووە.
 
پارێزگای ئیلام لە دوو بازنەی هەڵبژاردن پێکدێت و 3 نوێنەری لە پەرلەمانی ئێران هەیە؛ لە بازنەی باشووری پارێزگاکە ئەسەدوڵڵا چراغی و لە بازنەی باکووریش فەرەیدوون هیمەتی و سارا فەلاحی دەنگیان هێناوە.
 
پارێزگای کرماشانیش لە 6 بازنەی هەڵبژاردن پێکدێت و 8 نوێنەری لە پەرلەمانی ئێران هەیە؛ ئەنجامی بەرایی دەنگدانی هەندێک لە بازنەکانی هەڵبژاردنیش راگەیێندراوە. رەستگار یوسفی لە بازنەی هەورامان و جوانڕۆ، موجتەبا بەخشی پوور لە بازنەی شاباد و داڵاهو، فەتحوڵڵا حوسێنی لە بازنەی قەسری شیرین، گیەڵان و سەرپێڵ، وەحید ئەحمەدی لە بازنەی کەنگاوەر و هەرسین، جەواد حوسێنی کیا لە بازنەی سونقور و کولیایی دەنگیان بۆ بوون بە پەرلەمانتاری ئێران هێناوە.
 
لە بازنەی سەقز و بانەی پارێزگای سنەش موحسین بیگلەری دەنگی هێناوە. سنە لە 5 بازنەی هەڵبژاردن پێکدێت و 6 نوێنەری لە پەرلەمانی ئێران هەیە.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە ورمێوە هەیە، ئەو پارێزگایە لە 10 بازنەی هەڵبژاردن پێکدێت و 12 نوێنەری لە پەرلەمانی ئێران هەیە. قەسیم عوسمانی لە بازنەی هەڵبژاردنی بۆکان، عەبدولکەریم حوسێن زادە لە بازنەی هەڵبژاردنی شنۆ و نەغەدە، کەمال حوسێن پوور لە بازنەی هەڵبژاردنی پیرانشار و سەردەشت و سەلام ستوودەش لە مهاباد دەنگیان هێناوە.
 
پارێزگای لوڕستانیش 7 بازنەی هەڵبژاردنە و 9 نوێنەری هەیە. ئیحسان یاوەری، سەرۆکی ناوەندی هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایە دەڵێت، رێژەی بەشداری بەرز بووە، بەڵام وردەکاری لەبارەی بەربژێرە دەرچووەکان دیار نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە