ئێران چوار گیراوی سیاسیی عەرەب لە سێدارە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دادی ئێران لە ماوەی دوو رۆژدا پێنج گیراوی عەرەبی لە پارێزگای خوزستان لە سێدارە دا، دەگوترێت چوار لەو گیراوانە سیاسی بوون و بەتۆمەتی "چالاکی و کردەوەی تیرۆریستی" لە سێدارە دراون. ئەوەی دیکەش ئەندامی داعش بووە.
بەپێی راپۆرتی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ، ئەو چوار چالاکڤانە رۆژی یەکشەممە- 28ی شوباتی 2021 لە سێدارە دراون، چەند کاژێرێک پێش جێبەجێکردنی حکومەکانیان، کەسوکاریان سەردانیان کردوون، بەڵام پێیاننەگوتراوە ئەوە دوایین دیداریان دەبێت.
ئاژانسی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، 3 کەس لەوان ساڵی 2017 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی پۆلیس و لەوێ دوو پۆلیس کوژراون.
بەپێێ ئەو راپۆرتە، ناسر خەفاجیانزادە، حوسێن سەیلاوی ئەسڵ و عەلی خەسرەجی عەتایی، کە بە تۆمەتی "هەوڵی چەکدارانەی دژی کۆماری ئیسلامی، کردەوەی تیرۆریستی، ترساندن و تۆقاندن و تەقەیان لە بنکەی پۆلیسی 22ی ئەهواز، ناوەندی پارێزگای خوزستان کردووە"، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو. بەپێی ئەو راپۆرتە، ئەو سێ کەسە ئەندامی رێکخراوی "بەرەی رزگاری ئەهواز" بوون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤی ئێران "هرانا"، هاووڵاتییەکی دیکەی عەرەب بە ناوی جاسم حەیدەری، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری ئێران لە سێدارە دراوە.
ئاژانسی میزان، زمانحاڵی دەزگای دادی ئێران رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە کە هاونیشتمانییەکی دیکەی عەرەب بەناوی عيلی موتیری، رۆژی شەممە 27ی شوباتی 2021 لە سێدارە دراوە. بەپێی ماڵپەڕەکە : "عەلی موتیری ئەندامی داعش بووە و بەهاری ساڵی 2018 هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی بەسیج و بەو هۆیەوە دوو بەسیج کوژراون".