باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق: دەبێت ترەمپ دادگایی بکرێت

02-01-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، بەهۆی کوژرانی فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپاکە، دەبێت سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا دادگایی بکرێت. گوتیشی، بە دەرکردنی فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی، ترەمپ ''گەورەترین خزمەتی بە تیرۆر'' کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 01-01-2025، ئیرەج مەسجدی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و باڵیۆزی پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق رایگەیاند، "دەبێت تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا بکرێتەوە، کە فەرمانی کوشتنەکەی دەرکردبوو."
 
ئیرەج مەسجدی، قاسم سولەیمانی وەکو ''هێمای سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر'' ناوبرد و گوتی، "ترەمپ بە تیرۆرکردنی شەهید سولەیمانی، گەورەترین خزمەتی بە تیرۆر و تیرۆریستان کرد."
 
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکرد، ''سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند، من فەرمانی تیرۆرکردنی شەهید سولەیمانیم دەرکردووە؛ بەڵام بە چ مافێک؟ بە لەبەرچاوگرتنی کام یاسای نێودەوڵەتی؟"
 
ئیرەج مەسجدی گوتی: ''بەداخەوە شەهید سولەیمانی خۆی قوربانیی تیرۆر بوو، دەبێت ترەمپ بەهۆی دەرکردنی فەرمانەکەوە، دادگایی بکرێت.''
 
بەرەبەیانیی 3ی کانوونی دووەمی 2020، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا هەریەک لە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردە ئامانج و هەردووکیان کوژران.
 
قاسم سولەیمانی بەرپرسی ستراتیژیی سەربازیی سوپای پاسداران بوو لە دەرەوەی وڵات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە