بێکاری لە ئێران کەم بووەتەوە؛ هێشتا رێژەی بێکاری ریکۆردی 19 ساڵی رابردووی شکاندووە

 
رووداو دیجیتاڵ

کەمترین رێژەی بێکاری، ریکۆردی 19 ساڵی رابردووی شکاندووە، بەڵام ئەمە تەنیا دیوی بەرچاوی ئەو دیاردەیەیە. بەپێی راپۆرتی نوێی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی بێکاری لە وەرزی پاییزدا 7.6% بووە، کە بەراورد بە پاییزی ساڵی پار 0.6% کەم بووەتەوە؛ لە ساڵی 2005ـەوە ئەوە یەکەمجارە ژمارەی بێکارەکان هێندە کەم بووەتەوە.
 
بەڵام هێشتا بازاڕی کاری ئێران لەژێر کاریگەریی لێکەوتەکانی کۆرۆنا رزگاری نەبووە؛ زستانی ساڵی 2020 کە کۆرۆنا تەشەنەی سەند، خەڵکێکی زۆر بێکار بوو، تاوەکو ئێستاش ژمارەی ئەوانەی کار دەکەن ناگاتەوە پێش هاتنی کۆرۆنا.
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئەو وڵاتە، رێژەی هەلی کار لە یەک ساڵی رابردوودا 0.6% گەشەی کردووە و 705 هەزار کەس کاریان دەستکەوتووە؛ بەڵام شارەزایانی ئابووری دەڵێن، ئەو هەلانەی کار کوالێتییان نییە و بە روودانی کێشەیەکی بچووکی ئابووری، دیسان لەدەست دەچنەوە.
 
حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی بەڵێنی داوە ساڵانە یەک ملیۆن هەلی کار بڕەخسێنێت؛ خۆی دەڵێت، لەمەدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام شارەزایان گومانیان لە ئامار و راپۆرتەکانی حکومەت هەیە.
 
عەلی بەهادۆر جەهرۆمی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، "لەم حکومەتەدا ئاسایشی ئیش و کار زیاتر بووە، ئەوانەی بیمەی بێکاری وەردەگرن، ژمارەیان کەم بووەتەوە، واتە کاریان دەستکەوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی بێکاری هێشتا چارەسەر نەبووە."
 
هۆکارێکی سەرەکیی کەمبوونەوەی ژمارەی بێکارەکان ئەوەیە، زۆر کەس لە دۆزینەوەی کار ماندوو بوون، ئیدی لە کار ناگەڕێن، واتە رێژەی بەشداریی ئابووری کەم بووەتەوە. 41.5%ی دانیشتووانی ئێران، ئەوانەی تەمەنیان لە تەمەنی کارکردندایە، لە بواری ئابووریدا چالاکن؛ واتە 59% بۆ کار ناگەڕێن و لە دۆزینەوەی کار بێهیوا بوون. ئەمە تەنانەت کەمتر لە پێش هاتنی کۆرۆناشە.
 
لە لایەکی دیکەوە نزمبوونەوەی کوالێتیی هەلی کارەکان، بەتایبەت لەنێو ژناندا، وایکردووە کە ئەوانەی لە بازاڕی کار دەرچوون، ئیدی بۆی نەگەڕێنەوە. لە ساڵانی رابردوودا بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و زیادنەکردنی مووچە بە گوێرەی پێویست، وایانکردووە خەڵک مەیلی نەبێت بۆ بازاڕی فەرمیی کار بگەڕێنەوە، بۆیە پێیان باشترە کار نەکەن، یان کاری ئازاد بکەن.
 
سومەیە گوڵپوور، سەرۆکی لیژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندی باڵای ئەنجوومەنە پیشەییەکانی کرێکاران دەڵێت، "لانیکەمی مووچە لە کاتێکدا دیاری دەکرێت کە زۆربەی کرێکارەکانمان نایانەوێت لە بوارەکەیاندا کار بکەن، بۆ نموونە کاتێک خاوەن کار دەڵێت: کرێکارم دەوێت؛ بەڵام کرێکار دەڵێت: لانیکەمی مووچە هێندە کەمە کە بژێویی ژیانمی پێ دابین نابێت، دەچم کارێکی نافەرمی دەکەم."
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی وەکو کرماشان، لوڕستان و سنەدا 1.7% تاوەکو نزیکەی 4% کەم بووەتەوە، کە دەتوانێت هۆکارەکەی بێهیوابوونی خەڵک لە گەڕان بۆ کاری دڵخواز بێت، نەک باشتربوونی رەوشی ئابووری.