بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی کەرەج لەسێدارە درا

02-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەندکراوێکی سیاسیی کورد، کە خەڵکی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەناوی داوود عەبدوڵڵاهی، دوای 14 ساڵ زیندانیکردن، ئەمڕۆ لە گرتووخانەی قزڵ حیساری کەرەج لەسێدارە درا.
 
شەش رۆژ پێش ئێستا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاندبوو، داوود عەبدوڵڵاهی گوازراوەتەوە ژووری تاکەکەسی و مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە کوردە هەیە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئەو بەندکراوە کوردە لە کاتێکدا لەسێدارە دراوە، کە گواسترابووەوە ژووری تاکەکەسی و مانی لە خواردن گرتبوو.
 
لەسێدارەدانی داوود عەبدوڵڵاهی لە گرتووخانەی قزڵ حیساری کەرەج لە کاتێکدایە، ئەیووب کەریمی رۆژی چوارشەممە 29-11-2023 و قاسم ئابستە رۆژی یەکشەممە 05-11-2023، کە لە هەمان دۆسیەی عەبدوڵڵاهی دەستگیر و زیندانی کرابوون، دوای 14 ساڵ زیندانیکردن لەسێدارە دران.
 
داوود عەبدوڵڵاهی لە 07-12-2009، لەگەڵ شەش هاونیشتمانیی دیکە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیووب کەریمی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت و کامەران شێخە لەسەر دۆسیەی کوژرانی عەبدولڕەحیم تینا، مەلای مزگەوتێکی مهاباد دەستگیر کران.
 
ئەو هاونیشتمانییانە لە کۆتاییەکانی ئاداری 2016 بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی"، "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت"، "ئەندامێتی لە گرووپە سەلەفییەکان" و "گەندەڵیی لەسەر زەوی" دادگایی کران، لە 25-05-2016 بە فەرمی پێیان راگەیێندرا کە سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
 
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، لە ساڵی 2023دا 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون و 151 کەسیان کوردن کە دەکاتە 18٪ی کۆی ئەو کەسانەی لەسێدارە دراون.
 
هەروەها بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ساڵی 2022دا 582 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون. ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەکە لە ساڵی 2021دا 331 کەس بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە