ئەو هاووڵاتییە ئیسپانییەی لە هەرێمی کوردستانەوە چووبووە ئێران، ئازاد کرا

02-01-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سانتیاگۆ سانچێز، هاووڵاتیی ئیسپانی کە ساڵی 2022 لەسەر سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرابوو "دوای ساڵێک لە دەستبەسەرکردنی، ئازاد کرا."
 
رۆژی یەکشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2023، باڵیۆزخانەی ئێران لە مەدرید، لەسەر هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، سانچێز ئازاد کراوە، ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە مێژوویی و دۆستانەیەی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە. 
 
سانچێز لە گەرمەی خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022، کاتێک لە هەرێمی کوردستانەوە چووبووە ئێران، لەوێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
 
پێش دەستبەسەرکردنی "بەتۆمەتی سنووربەزاندن" و دیارنەمانی، سانچێز تەواوی گەشتەکەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردبووەوە.
 
ئەو هاووڵاتییە ئیسپانییە، کە هەوادارێکی سەرسەختی تۆپی پێ و هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدریدە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2022، گەشتەکەی لە ئیسپانیاوە دەستپێکرد و بە چەند وڵاتێکی ئەوروپیدا تێپەڕی، دواتر گەیشتە تورکیا، لەوێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی لە ئێران دەستگیر بکرێت. 
 
رۆژێک پێش بێسەروشوێنبوونی، سانچێز لە دوایین پۆستیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستگرام وێنەیەکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردبووەوە و نووسیبووی: "دوا گوند لە باکووری عێراق و تەنیا چیایەک ماوە بگەمە ئێران، دوا وڵات پێش ئەوەی بگەمە قەتەر." 
 
لەکاتی دەستبەسەرکردنی، هاوڕێیەکی سانچێز بەناوی فرانکۆ سالامانکا، بە میدیای ئیسپانی راگەیاندبوو "سانچێز دەستگیر کراوە و ئێستا لە یەکێک لە گرتووخانەکانی تارانە."
 
هاوڕێکەی هەروەها رایگەیاندبوو پێش گەشتەکەی، سانچێز زۆر گەشبین بووە بەرامبەر بە گەشتەکەی و لە ساڵی 2019ـشدا هەمان کاری کردووە کاتێک بەپێ چووەتە سعودیە. 
 
بەگوێرەی زانیاریی هاوڕێکانی، سانچێز لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022 بۆ ماوەیەکی کاتی مانی لە خواردن گرتبوو، دواتر دوای بینینی پزیشک لەنێو زیندان، مانگرتنەکەی شکاندووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە