دوو خۆپێشاندەر لە ئێران بە لەسێدارەدان سزا دران


رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای دادی ئێران سزای دووجار لەسێدارەدانی بەسەر گەنجێکی 18 ساڵانی ئەو وڵاتەدا سەپاند، کە بەشداری لە خۆپێشاندانەکاندا کردبوو. هەروەها سزای لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوێکی 19 ساڵانیش پەسندکرا.
 
کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، بەپێی ئەو بەڵگانەی بەدەستی گەیشتووە، مەهدی محەممەدی فەرد، لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی شاری نووشەهر لە پارێزگای مازەندەران بە تۆمەتی "دژایەتیکردنی خودا و بڵاوکردنەوەی ناپاکی لەسەر زەوی" بە دووجار لەسێدارەدان سزا دراوە.
 
هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە، ناوەندی راگەیاندنی دەزگای دادی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی محەممەد بروغنی لە دیوانی باڵای دادوەری ئەو وڵاتە پەسندکراوە. محەممەد بروغنی 19 ساڵان بە "دژایەتیکردنی خودا و هێرشکردنەسەر قایمقامییەتی شاری پاکدەشت لە پارێزگای تاران" تۆمەتبار کراوە.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، 100 خۆپێشاندەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەرداسەپاوە یان تۆمەتێکیان دراوەتەپاڵ، کە سزاکەی لەسێدارەدانە.