ئێران لەسەر کوشتنی قاسم سولەیمانی داوای دادگاییکردنی ترەمپ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران لەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی داوای دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، دادگاییکردنەکەی "خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات."
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2023، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا رایگەیاند، "حکومەتێک لەوسەری جیهانەوە لەڕێگەی رشتنی خوێنی هەزاران ژن و منداڵەوە بڕیاری گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەمانی دا،" کە مەبەست لێی ئەمریکایە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، "ئێران شکستی بە پرۆژەکە هێناوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێنەیەکی ئیبراهیم رەئیسیی بڵاوکردووەتەوە کە لە مانگی ئەیلوولی 2022 لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گیراوە، کە ناوبراو وێنەیەکی قاسم سولەیمانیی بەرزکردووەتەوە. کەنعانی دەڵێت، "قارەمانی جەنگی دژی تیرۆر و تێکشکاندنی داعش" قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوو.
 
کەنعانی دەشڵێت، "دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە "لە تاوانەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا" کە مەبەست لێی دۆناڵد ترەمپە، "خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات."
 
قاسم سولەیمانی، بەرەبەیانی رۆژی 03-01-2020 لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكییەوە كرایە ئامانج و لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری دەستەی حەشدی شەعبی لە فڕۆكەخانەی بەغدا كوژران.