ئێران بۆ وزەی ئەتۆم: نیازمان هەیە پیتاندنی یۆرانیۆم تاوەکو 20٪ بەرزبکەینەوە

02-01-2021
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن رێککەوتنی ئەتۆمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایدەگەیێنێت، ئێران نیازی هەیە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم تاوەکو 20٪ بەرزبکاتەوە کە بەپێی دوایین راپۆرتی ئاژانسەکە پیتاندنی یۆرانیۆم 4.5٪ـی لەو وڵاتە تێنەپەڕاندووە.
 
گوتەبێژی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، حکومەتی ئێران ئاژانسەکەی لە نیازی خۆی بە بەرزکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 20٪ ئاگادارکردووەتەوە. هاوکات "ئێران بە نیازە ئەو کارە لە بنکەی ئەتۆمیی ژێر زەوی فۆردۆ و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای تازە پەسندکراوی پەرلەمانی ئێران ئەنجامبدات".
 
ئێران بە نامەیەک ئاژانسەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە واژۆی رۆژی 31ـی مانگی کانوونی یەکەمی 2020ـی لەسەر بووە بەبێ ئەوەی دیاری بکات چ رۆژێك بەنیازە دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکات.
 
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە لە مانگی 11ـی ساڵی 2020دا دەرکراوە، ئێران ئاستی یۆرانیۆم بۆ سەرووی رێژەی دیاریکراو لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 کە 3.67٪، بەرزکردبووەوە، بەڵام ئەو بەرزکردنەوەیە لە ئاستی 4.5٪ تێپەڕنەبووبوو. 
 
لە ساڵی 2015 ئێران رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی زلهێزی جیهان واژۆکرد کە بە وڵاتانی پێنج کۆ یەک ناسرابوون و پێکهاتبوون لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین، رووسیا و ئەڵمانیا. دواتر لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وڵاتەکەی لە رێککەوتنەکە بردە دەرەوە و کامپەینی ئەوپەڕی گوشاری بەسەر ئێراندا سەپاند. 
 
بە گوتەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران هێشتا بەگوێرەی بڕگەکانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە پابەندە بە دانانی بنکە ئەتۆمییەکانی لەژێر چاودێریی تیمەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. کە ئێران دوو بنکەی ئەتۆمی هەیە ئەوانیش نەتەنز و فۆردۆن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە