رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، هیوادارە ئەو دۆخەی ئێستا لە سووریا دروستبووە بە هاوکاری وڵاتانی ئیسلامی چارەسەر بکرێت.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەت و پەرلەمانی ئێران باسی دۆخی ئێستای سووریا کرد و رایگەیاند، "پێویستە ئەو کێشەیەی لە سووریا سەریهەڵداوە بە هاوکاری وڵاتانی ئیسلامی چارەسەر بکرێت."
پزیشکیان گوتی، "هیوادارم وڵاتانی ئیسلامی رێگە نەدەن ململانێ نێوخۆییەکان ببنە هۆکاری دەستوەردانی زیاتری دەرەکی لە ناوچەکەدا."
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی پشتیوانی ئێران بۆ سووریا و تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی سووریا، ئەمڕۆ سەردانی دیمەشق دەکات و دواتر بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی سووریا و پرسە هەرێمییەکان دەگاتە ئەنقەرە.
عەباس عێراقچی لە دوورگەی کیش قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "ئەمڕۆ سەردانی دیمەشق دەکەم بۆ ئەوەی پەیامی کۆماری ئیسلامی بە حکومەتی سووریا بگەیێنم. ئێمە بە پێداگرییەوە پشتیوانی لە سوپا و حکومەتی سووریا دەکەین."
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان "هیچ جیاوازییەک" لەنێوان "زایۆنییەکان و گرووپە چەکدارە تەکفیرییەکان" نابینن، کە مەبەست لێی ئیسرائیل و دەستەی تەحریری شامە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "بڕوامان وایە، دوای شکستی رژێمی زایۆنی، دووژمن هەوڵدەدات بەم گرووپە تیرۆریستانە نەخشە چەپەڵەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە جێبەجێبکات."
ئێران لە سەرەتای هێرشی گرووپی چەکدارەکانەوە ئیسرائیل و ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی لە پشت هێرشە کتوپڕەکەوەن.
دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی رۆژی چوارشەممە دەستیان بە هێرشێکی گەورە بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد و بەشێکی زۆریان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سووریا کۆنترۆڵ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ