سەرۆککۆماری ئێران لە سنەیە


رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی ئەمڕۆ، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە شاری سنە. موحسین مەنسوری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن دەڵێت، رەئیسی پڕۆژەیەکی ئاو دەکاتەوە و لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و خەڵکیش کۆدەبێتەوە.
 
سەردانی ئیبراهیم رەئیسی بۆ شاری سنە لە کاتێکدایە پارێزگای سنە و بەتایبەت شاری سنە زیاتر لە دوو مانگ ناڕەزایەتی تێدا بوو. 5 مانگ لەمەوبەریش سەرۆککۆماری ئێران سەردانی ئەو پارێزگایەی کردبوو.
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا رووینەداوە، سەرۆککۆمارێک لە ماوەیەکی کەمدا دوو جار سەردانی پارێزگایەک بکات.
 
بەگوتەی موحسین مەنسوری، ئەو پڕۆژەی ئاوەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ کردنەوەی دەچێتە پارێزگای سنە، هێشتا 20٪ـی کارەکانی ماوە تەواو ببێت.
 
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێرانیش، رۆژی 11-10-2022 لە گەرمەی ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای سنەدا سەردانی شاری سنەی کرد و دوای ئەوە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان تووندتر بوو.
 
وەزیری ناوخۆی ئێران ئەو کات لە سنە گوتی: "ناڕەزایەتییەکان لە شاری سنە زۆر کەم بوون و هێزە سەربازییەکان و پۆلیس زۆر بە تووندی بەرەنگاری ئاژاوەگێڕ و بەڕێوەبەرەکانی بوونەتەوە و ئەم رەوتەش بەردەوام دەبێت."