رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی رێبەری ئێران دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە و تەنیا بەهۆی فەتوای عەلی خامنەییەوە چەکەکەیان دروست نەکردووە.
کەمال خەرازی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتەیە بە میدیای لوبنانی راگەیاند، ئێران توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە و تەنیا بەهۆی فەتوای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دروستکردنی چەکەکە قەدەخە کراوە.
کەمال خەرازی دەڵێت، "ئەگەر هەڕەشە لە سەر مانەوەمان هەبێت، ئێران سیاسەتە ئەتۆمییەکەی دەگۆڕێت. ئێمە توانای پێویستمان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە و لەوبارەیەوە هیچ کێشەیەکمان نییە. ئێستا تەنیا فەتوای رێبەر ئەو بابەتەی (دروستکردنی چەکی ئەتۆمی) قەدەخە کردووە".
کەمال خەرازی باس لەوە دەکات، "هەموو لایەک دان بە هێزی مووشەکیی ئێراندا دەنێن. کێشەکە تەنیا مەودای مووشەکەکانە کە تاوەکو ئێستا هەستیاریی رۆژئاواییەکان و ئەورووپییەکان لەبەرچاو دەگیرا، بەڵام کاتێک ئەوان هەستیارییەکانمان لەبەرچاو ناگرن، ئیدی هیچ هۆکارێک نییە ئێمەش هەستیارییەکانیان لەبەرچاو بگرین. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە مەودای مووشەکەکانمان زیاتر بکرێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران ئاماژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کاردانەوە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکەی ئێران دەکات و دەڵێت، "بێگۆمان ئێران لە کاتێکی گونجاو و بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی دەستدرێژییەکەی رژێمی زایۆنی دەداتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ