بەرپرسی نووسینگەی عەلی خامنەیی دەڵێت، ئێران وەڵامێکی تووندی ئیسرائیل دەداتەوە

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، ئێران وەڵامێکی تووندی دەبێت.
 
محەممەد محەممەدی گوڵپایگانی، بەرپرسی نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیران ئاماژە بە بەئامانجگرتنی چەند شوێنێک لەنێو خاکی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکات و دەڵێت، ئێران وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل دەداتەوە.
 
بەپێی ئاژانسی تەسنیم، کە میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسدارانە، محەممەد محەممەدی گوڵپایگانی لە پەراوێزی رێوڕەسمێکدا کە بەبۆنەی کوژرانی هاشم سەفیەدین، جێگری حەسەن نەسرۆڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵا لە تاران رێکخرابوو، لەبارەی هێرشی ئێسرائیل بۆ سەر ئێران لە رۆژی 26ی تشرینی یەکەم قسەی کرد و رایگەیاند، "کردەوەی ئەم دواییەی رژێمی زایۆنی لە هێرشکردنە سەر چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەمان لە بێهیوایی خۆی بوو. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامێکی تووند و جەرگبڕی ئەو کردەوەیە دەداتەوە."
 
بەرپرسی نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران سەرکەوتوو بووە لەوەی رێگە نەدات فڕۆکەکانی ئیسرائیل سنووریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە ببەزێنن؛ جەخت لەوەش دەکاتەوە، زیانی هێرشەکەی ئیسرائیل کەم بووە.
 
شەوی رابردووش حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە کۆبوونەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامانی سوپاکە لە شاری شیرازی ئێران رووی دەمی کردە بەرپرسانی ئیسرائیل و رایگەیاند، "دەستدرێژیتان کرد، بەڵام بزانن کە وەڵامێکتان دەدەینەوە لە خەیاڵی کەسدا نەبێت."
 
حوسێن سەلامی ئاماژەی بە هێرشەکەی 26ـی تشرینی یەکەمی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی کرد و گوتی، ''زایۆنییەکان پێیان وایە بە تەقاندنی چەند مووشەکێک دەتوانن مێژوو بگۆڕن؛ هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانیان لەبیرچووەتەوە کە مووشەکەکانمان ئاسمانی ئەوانیان بڕی و سیستمە بەرگرییەکەیان نەیتوانی کاردانەوەی هەبێت و خەوی خەڵکەکەیان زڕا". 
 
بەرەبەیانی رۆژی 26ی تشرینی یەکەم، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر چەند ئامانجێک لە نێو خاکی ئێران. بە پێی بەرپرسانی ئێران، بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە چوار کەس لە هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە و کەسێکی سڤیل کوژران. 
 
بەرپرسە سەربازی و سیاسییەکانی ئیران لە چەند رۆژی رابردوودا رایانگەیاندووە، وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل دەدەنەوە.
 
رۆژی 01-10-2024یش ئێران بە نزیکەی 200 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە