وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنە لە ئەڵمانیا دەگرێت لە بەرامبەر داخستنی کۆنسووڵخانەکانی
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنە لە حکومەتی ئەڵمانیا دەگرێت لە بەرامبەر بڕیاری داخستنی کۆنسووڵخانەکانی ئێران لە ئەڵمانیا و دەڵێت، ئەو بڕیارە کێشە بۆ دەیان هەزار هاووڵاتی دروست دەکات.
کاردانەوەی ئەڵمانیا بەرامبەر لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد، هاووڵاتی ئێرانی-ئەڵمانی بەردەوامە. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دوێنێ پێنجشەممە بڕیاری داخستنی کۆنسووڵخانەکانی ئێرانی لە شارەکانی فرانکفۆرت، هامبۆرگ و میونشن دا.
بریارەکەی ئەڵمانیا رووبەڕووی رەخنەی تووندی ئێران بووەتەوە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، ئەڵمانیا بەو بڕیارەی کێشەی بۆ دەیان هەزار ئێرانی دروست دەکات کە بەشی هەرە زۆریان وڵاتینامەی ئەڵمانیایان هەیە.
عەباس عێراقچی دەڵێت، "داخستنی کۆنسووڵخانەکانی ئێران لە ئەڵمانیا، گەمارۆخستنە سەر هاووڵاتیانی ئێرانی دانیشتووی ئەو وڵاتەیە کە بەشی هەرە زۆریان وڵاتینامەی ئەڵمانیایان هەیە. بۆ پشتیوانی لە تیرۆریستێک کە 14 کەسی بێتاوانی کوشت و زیاتر لە 200 کەسی بریندار کرد، حکومەتی ئەڵمانیا گەمارۆ دەخاتە سەر دەیان هەزار ئێرانی کە هەڵگری پاسپۆرتی ئەڵمانیان".
عەباس عێراقچی دەڵێت، "هاووڵاتییە ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەڵمانیا دڵنیا دەکەمەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم دۆخە بێزارکەرە بە بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکان لە باڵیۆزخانەکەمان لە بەرلین و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی دیکەی نزیک".
هاوکات، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا قەدەخەی گەشتکردنی بۆ ئێران درێژ کردەوە و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ئێران جێبهێڵن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، مەترسی ئەوە هەیە ئێران هاووڵاتیانی ئەڵمانی بە بارمتە بگرێت.
رۆژی 28ی تشرینی یەکەمی 2024، دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەو رۆژە سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد جێبەجێ کراوە.
دەسەڵاتی دادی ئێران لە ساڵی 2020 جەمشید شارمەهدی بە پلاندانەری تەقینەوەکەی حوسێنییەی سەیدوشوهەدا لە شیراز لە ساڵی 2008 تاوانبارکرد.
تەقینەوەکە بووە هۆی کوژرانی 14 کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە، بەڵام "تاوانەکە" لە لایەن بنەماڵەی شارمەهدەوە رەتکرایەوە.
میدیاکانی ئێران و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو کەسەیان وەک بەرپرسی "گرووپی توندەر" ناوبرد کە دەزگایەکی راگەیاندنە سەر بە ئەنجوومەنی پاشایەتیی ئێرانە لە ئەمریکا.
جەمشید شارمەهدی تەمەن 67 ساڵ، هەڵگری وڵاتینامەی ئێرانی و ئەڵمانی بوو و مافی مانەوەی هەمیشەیی ئەمریکای هەبوو.
شارمەهد تەمموزی 2020 لە کاتی گەشتکردن لە ئەڵمانیاوە بۆ هیندستان، وەستانێکی سێ رۆژەی لە دوبەی هەبوو و باس لەوە دەکرێت، ئەو کاتە لە دوبەی رفێندراوە و گوێزراوەتەوە ئێران.