لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئێران 11 کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی پێکدادانی بارهەڵگرێک و تانکەرێکی سووتەمەنی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران و گڕگرتنی بارهەڵگرەکە 11 کەس گیانیان لەدەستدا و 14 کەسیش بریندار بوون.
 
رووداوەکە ئەمڕۆ سیشەممە لە رێگەی نێوان شارەکانی سەراوان و کوهەک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران روویدا.
 
سەیید محەممەدمەهدی سەجادی، بەڕێوەبەری مانگی سووری سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، بارهەڵگرەکە 23 سەرنشینی تێدا بووە کە هەموویان خەڵکی ئەفغانستان بوون و لە ئەنجامی گڕگرتنییدا 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
بە گوتەی سەیید محەممەدمەهدی سەجادی، 12 سەرنشینی دیکەی بارهەڵگرەکە لەگەڵ دوو هاووڵاتی نێو تانکەرەکە بریندار بوون و گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.