لە سیستان و بەلووچستانی ئێران چوار کەس کوژران؛ یەکێکیان فەرماندەی سوپای پاسدارانە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، چوار کەس کوژران؛ یەکێکیان فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 لە شارۆچکەی بێنتی سەر بە شاری نیکشەهری پارێزگای سیستان و بەلووچستان، چەند چەکدارێک دەستڕێژی گولـلەیان لە فەرماندەی سوپای پاسداران و سەرۆکی ئەنجوومەنی شارۆچکەکە کردووە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە رووداوەکەدا پەرویز کەدخودایی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی بێنت و یوسف شیرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارۆچکەکە لەگەڵ دوو سەرباز بە ناوەکانی جەواد ساداتی و موجیب بەلووچی گیانیان لەدەستداوە.
 
موجیب حەسەنی، قایمقامی نیکشەهر رایگەیاند، رووداوەکە "هێرشێکی تیرۆریستی" بووە و دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمێک لە قوتابخانەیەکی ناوچەکە روویداوە.
 
بە گوتەی قایمقامی ناوچەکە، لە رووداوەکەدا دوو کەسیش بریندار بوون.