سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت پێویستیان بە 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، بۆ ئەوەی رێژەی گەشەی ئابووریی وڵاتەکەی لە 4٪ـەوە بەرزببێتەوە بۆ 8٪، پێویستیان بە وەبەرهێنانی بیانی دەبێت بە قەبارەی 100 ملیار دۆلار.
 
رۆژی شەممە، یەکەمین هەڤپەیڤینی تەلەڤیزیۆنیی مەسعود پزیشکیان لە دوای بوونی بە سەرۆککۆمار، بڵاوکرایەوە. 
 
پزیشکیان گوتی، ئێران پێویستی بە کۆی گشتیی 200 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئەوەی بە ئامانجەکەی بگات، بەڵام نیوەی ئەو پارەیە لە سەرچاوەی نێوخۆوە دێت. 
 
شارەزایان پێشبینی دەکەن، ئەگەر ئابووریی ئێران بە رێژەی 8٪ گەشە بکات، هەڵاوسان و بێکاری کەمدەبنەوە. 
 
سەرۆککۆماری ئێران هۆکاری کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی بۆ گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان گەڕاندەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتەکەی بەنیازە، هەڵاوسان کەمبکاتەوە کە رێژەکەی گەیشتووەتە سەرووی 40٪. 
 
پزیشکیان گوتی "ئەگەر کێشەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکە چارەسەر بکەین،" ئێران بەو ئامانجە دەگات. 
 
راشیگەیاند، یەکەمین سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ عێراق دەبێت و دواتر دەچێتە نیویۆرک بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات. 
 
پزیشکیان باسی لەوە کرد، لە سەردانەکەیدا بۆ نیویۆرک، لەگەڵ رەوەندی ئێرانی کۆدەبێتەوە. لە کۆی ئەو هەشت ملیۆن ئێرانییەی لە دەرەوە دەژین، 1.5 ملیۆنیان لە ئەمریکان. 
 
پزیشکیانی ریفۆرمخواز، مانگی ئابی ئەمساڵ وەک سەرۆککۆمار دەستبەکاربوو، بەڵێنی داوە تۆنێکی نەرمتری لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا هەبێت. 
 
کێشە ئابوورییەکانی ئێران لە ساڵی 2018ـەوە زیاتر بوون، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاوتی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سزای تووندی بەسەر تاراندا سەپاند. پزیشکیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند، هەوڵدەدات رێککەوتنەکە نوێ بکاتەوە.