میدیای ئەمریکی: ئیسماعیل هەنییە بە بۆمبی چێندراو کوژراوە
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکی رایدەگەیێنێت، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بە بۆمبێکی چێندراو کوژراوە کە دوو مانگ پێش ئێستا بەقاچاخ براوەتە ئەو شوێنەی تاران کە هەنییەی لێ ماوەتەوە. پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکیش دەڵێت، مۆسادی ئیسرائیلی بۆمبەکەی داناوەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی ئابی 2024، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لە زاری چەند بەرپرسێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاویکردەوە، ئەو بۆمبەی کە هەنییەی پێ کوژرا نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا لە شوێنی مانەوەی هەنییە شاردراوەتەوە.
ئەو شوێنەی کە هەنییەی تێدا ماوەتەوە خانوێک بوو لە باکووری تاران کە تایبەت بوو بە بریندارانی جەنگ؛ پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات، بۆمبەکە لەلایەن دەزگای سیخوڕیی ئیسرائیلی - مۆسادەوە دانراوەتەوە و "بە ژیریی دەستکرد کاری کردووە".
ئەو بەرپرسانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ناویان ئاشکرا نەکراوە بە نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە: "کاتێک کە ئەوە دووپاتکراوەتەوە کە هەنییە چووەتە نێو ژوورەکەی، بۆمبەکە لە دوورەوە تەقێندراوەتەوە".
دوو بەرپرسی دیکەی ئێران بە نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، کاتێک کە تەقینەوەکە روویداوە، بەشێک لە دەرگە و پەنجەرەکانی خانووەکە شکاون و دیواری دەرەوەی خانووەکە زیانی پێگەیشتووە.
بەرپرسەکانی قسەیان بۆ نیویۆرک تایمز کردووە ئاماژەیان بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا روون نییە کە چۆن بۆمبە چێندراوەکە براوەتە نێو خانووەکە و رووداوەکەیان بە "شەرمەزاری" بۆ هێزە ئەمنییەکانی ئێران زانیوە.
ئەو خانووەی کە هەنییەی تێدا ماوەتەوە تیمێکی پزیشکی تێدا بووە و دوای رووداوەکە چوونەتە ژوورەکەی هەنییە، بەڵام وەک نیویۆرک تایمز باسی دەکات، هەنییە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
لە ژوورەکەی تەنیشت ئەو ژوورەی کە هەنییەی تێدا ماوەتەوە، ژووری زیاد نەخلە، سەرۆکی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی بووە، بەڵام وەکو بەرپرسە ئێرانییەکان باسییان کردووە، ژوورەکەی زیانێکی ئەوتۆی پێنەگەیشتووە.
وەکو بەرپرسە ئێرانییەکان باسییان کردووە، یەکێک لەو کەسانەی کە دەستبەجێ لە رووداوەکە ئاگادارکراوەتەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بووە و ئەویش عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە خەو هەستاندووە و هەواڵەکەی پێداوە.
نزیکەی کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی چوارشەممە، 31-07-2024 ئیسماعیل هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا. هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو.