رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئێران ماڵئاوایی کۆتاییان لە میوانێکیان کرد کە هیوای زۆریان پێی هەبوو. لەنێو بەرپرسانی حەماسیشدا، ئیسماعیل هەنییە بە کەسێکی نزیکتر لە ئێران دادەنرا و کوژرانی لە تاران، لانیکەم لە رووی ئەمنی و سەربازییەوە بۆ ئێران، بۆشاییەکی گەورە بوو.
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن ئێران و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی چۆن وەڵامی ئەو هێرشە دەدەنەوە.
بەشداربوویەکی رێوڕەسمی پرسەی ئیسماعیل هەنییە لە تاران دەڵێت، "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە پڕ لە میوانە و بە دڵنیاییەوە دەبێ وەڵامێکی لێبڕاو بە تیرۆرکردنی میوانەکەی بداتەوە کە لە رێوڕەسمێکی فەرمیی وڵاتدا بەشدار بووە. وەڵامدانەوەکە پێویستە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی خۆی."
کوژرانی هەنییە لە تاران چەند کاژێرێک دوای رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان بوو. شرۆڤەکار و چالاکڤانانی سیاسیی ریفۆرمخواز دەڵێن، یەکێک لە ئامانجەکانی کوشتنی هەنییە، لێدان بووە لە پلان و پڕۆژەکانی سەرۆککۆماری نوێی ئێران.
ئەحمەد زەیدئابادی، چالاکڤانی سیاسیی ریفۆرمخواز دەڵێت، ئامانجی سەرەکی لە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، لێدان لە کابینەی مەسعود پزیشکیانە، چونکە پزیشکیان هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی دەرەوە رێکبخاتەوە و ئابووریی ئێران لەژێر گوشاری گەمارۆکان ئازاد بکات. ئەوەش پێچەوانەی ئامانجەکانی ئیسرائیلە.
بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئێران، تیمی وەزارەتی دەرەوەی پزیشکیان لە هەوڵدابوون لەسەر بنەمای رێککەوتنەکانی پێشوو، لەگەڵ ئیدارەی بایدن بگەنە رێککەوتن بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، کوشتنی هەنییە رەنگە کاریگەری لەسەر ئەو هەوڵانە دابنێت.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "ئاگامان لێیە و دەزانین بەرپرسیارێتیی هەموو ئەو رووداوانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکای تاوانبار. هیچ رووداوێک بە بێ هاوئاهەنگی و هاوکاریی ئەمریکای تاوانبار روو نادات. هەرچەندە لە میدیاکان بڵێن ئاگامان لێ نەبووە، بەڵام ئێمە دەزانین و دڵنیاین کە هەموو ئەو رووداوانە، چ ئاشکرا و چ نهێنی بن، لەبن سەری ئەمریکادان و بە رێنمایی و هاوئاهەنگی ئەو وڵاتە دەکرێن."
ئەمریکا ئاگاداربوون و دەستهەبوون لە کوشتنی ئیسماعیل هەنییەی رەتکردووەتەوە. هێشتاش دیار نییە تۆڵەکردنەوەکەی ئێران چۆن دەبێ، بەڵام بەو ترسەی لایەنگرانی پزیشکیان هەیانە، رەنگە یەکێک لە هەنگاوەکانی ئەوە بێ، هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بوەستێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ