پزیشکیان: هەوڵی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران بەرز دەنرخێنین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە، سەرۆککۆماری وڵاتەکە دەستخۆشی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکاتەوە.
 
چوارشەممە 31-07-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ تاران، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە و پەیوەندیی نێوان هەردوولا تاوتوێ کران.
 
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران سەبارەت بە کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، "سەرۆککۆماری ئێران بۆ پێشوازیی گەرمیان لە زیارەتکارە ئێرانییەکان کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی ئەو وڵاتە دەکەن، دەستخۆشیی لە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد." هەروەها "سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، بەرز نرخاند."
 
سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەنێوان وڵاتەکەی و عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "وڵاتانی ئەورووپی کە پێشینەی 100 ساڵ شەڕیان پێکەوە هەیە، ئەمڕۆ هەنگاوی کاریگەرییان لە چوارچێوەی یەکگرتووییدا ناوە و بێگومان خەڵکی وڵاتانی ناوچەکەش کە هاوبەشییەکی زۆر زیاتریان پێکەوە هەیە، باشتر دەتوانن یەکگرتووییەکی لەوشێوەیە پێکبهێنن و بە وەلانانی ناکۆکییەکان، لە ئاشتی و ئارامیدا بژین."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە مەسعود پزیشکیان هەروەها گوتوویەتی، "خەڵکی وڵاتانی ناوچەکە ناکۆکیی بنەڕەتییان پێکەوە نییە، بەڵکو هاوبەشیی کولتووری، مێژوویی و ئایینیی زۆریان هەیە، بەڵام دووژمنان هەوڵدەدەن پەرە بە ناکۆکییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بدەن، بۆئەوەی ویستی خۆیان بەرەو پێشەوە ببەن."
 
پزیشکیان لەبارەی کوژرانی ئیسمائیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران لە تاران بوو و ئیسرائیل بە تۆمەتباری رووداوەکە دەزانن، گوتی، "تیرۆریستەکان وەڵامی ئەو تاوانەی خۆیان وەردەگرنەوە."
 
هاوکات سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، "هەرێمی كوردستان، ئێران بە دراوسێیەكی گرنگی خۆی دەزانێت و کار ده‌کات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێراندا، هه‌وره‌ها سه‌رۆک پزشکیانی بانگهێشتی هه‌ولێر کرد له‌ کاتی سه‌ردانی چاوه‌ڕوانکراویدا بۆ‌ به‌غدا."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە كە، "هەرێمی كوردستان خوازیارە رێژەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ باشووری عێراق لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە زياتر و ئاڵوگۆڕى بازرگانی لەنێوان هەردوولادا فراوانتر ببێت."
 
نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە تاران، لەگەڵ دابەزینی لە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی، لەلایەن عیسا زاراپوور، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا. چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای ئێرانیش لە پێشوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بوون، لەوانەش حەسەن دانایی فەڕ، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
 
دواتر نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە هۆڵی پەرلەمانی وڵاتەکە و لە لایەن محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە بە گەرمیی پێشوازی لێکرا. هەر لەنێو پەرلەمانیشدا چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای ئێرانی بەخێرهاتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد، لەوانەش ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.
 
لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، ئاڵای کوردستان لە ریزی ئاڵای وڵاتانی جیهاندا دەبینرا و کورسییەکیش لە ریزی یەکەمی هۆڵی پەرلەماندا بۆ نێچیرڤان بارزانی دانرا بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

پزیشکیان لەبارەی کوژرانی هەنییە: ئێران داگیرکەرانی تێرۆریست لە کارە ترسنۆکەکانیان پەشیمان دەکاتەوە

سەرۆککۆماری نوێی ئێران لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی خۆی دەکات و "داگیرکەرانی تێرۆریستیش لە کارە ترسنۆکەکانیان" پەشیمان دەکاتەوە.