بانکی ناوەندیی ئێران کۆمەڵەی ئاڵوگۆڕکارانی دراوی هەڵوەشاندەوە

01-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی ئێران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ئاڵوگۆڕکارانی دراوی ئێرانی دا و هۆکارەکەی بۆ پێشێلکاری و لادان لە ئامانج، دەسەڵات و ئەرکەکانی ئەو کۆمەڵەیە گەڕاندەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 01-08-2023 میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە بە بڕیارێک کۆمەڵەی ئاڵوگۆڕکارانی دراوی ئێرانی هەڵوەشاندەوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەکەش، بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندووە، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کە لەبارەی چالاکی و ئەدای کۆمەڵەی ئاڵوگۆڕکارانی دراوی ئێران کراون و لەبەر ئەوەی کۆمەڵەکە لە ئامانج، ئەرک و دەسەڵاتەکانی و هەروەها لە پەیڕەوی تۆمارکراوی خۆی لایداوە، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی، رێککەوتنی دامەزراندنی کۆمەڵەی ئاڵوگۆڕکارانی دراوی ئێرانی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە دەرچووە، هەڵدەوەشێتەوە.
 
لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو کۆمەڵەیە چەندینجار سەرپێچیی لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی کردووە، بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆ وەبەرهێنانی کردووە و پشکی کڕیوە، هەروەها لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا نەتواندراوە رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵەکە دەستەبەر بکرێت.
 
حکومەتی ئێران هەوڵی زۆر دەدات بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر تمەن کۆنترۆڵ بکات، بۆ ئەم ئامانجەش چەندین رێکاری گرتووەتەبەر، بەڵام تائێستا سەرکەوتوو نەبووە.
 
ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی رەش لە تاران نزیکەی 50 هەزار تمەنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە